حەوت خانمی كەركووكی، كە لە پێكهاتە جیاوازەكانی شارەكەن، لە كتێبێكدا چیرۆكەكانی سەركەوتنیان لە هەناوی نەهامەتییەوە بڵاو كردەوە.
، ڕۆژی چوارشەممە 18ی 5ی 2022، ئاهەنگ ئەنوەر، پارێزەر و چالاكوان، كە یەكێكە لەو خانمانەی چیرۆكی سەركەوتنی خۆی لەو كتێبەدا بڵاو كردووەتەوە، ڕایگەیاند: “حەوت خانمی كەركووكی، كە بریتین لە هونەرمەند و چالاكوان و ڕۆژنامەوان، لە پێكهاتەكانی شارەكە، دەستنیشان كران بۆ ئەوەی چیرۆكەكانی سەركەوتنی خۆیان بنووسنەوە و پاشان لە كێبێكدا بڵاوی بكەنەوە، ئیتر هەر یەكێكمان و چیرۆكەكانی خۆمان نووسییەوە و پاشان لەژێر ناونیشانی سەركەوتنەكان لە هەناوی نەهامەتییەوە (نجاحات من رحم المعانات) بڵاو كرایەوە”.
وتیشی: “نووسەرانی كتێبەكە بەگشتی باسی سەركەوتنەكانیان كردووە، لەكاتێكدا هەر یەكە و لە بواری خۆیدا گیرۆدەی گرفت و نەهامەتییش بوونە”.
ئەو خانمانە لە چیرۆكەكانی سەركەوتنیاندا، زیاتر باسی ئازار و نەهامەتییەكانیان كردووە، كە پاشان هەر یەكە و لە بوارەكەیدا، چی هونەری بێ یاخود ڕۆژنامەوانی، یانیش كۆمەڵایەتی، توانیویانە وێڕای رێگرییەكان، برەو بە كارەكانیان بدەن و سەركەوتوو بن، بڵاوكردنەوەی چیرۆكی سەركەوتنەكانیشیان هاندەر بێت بۆ ئەوانی دیكە، بۆ ئەوەی بێنە پێشەوە و خزمەت بە كۆمەڵگا بكەن.
ئەم كتێبە یەكێكە لە پڕۆژەكانی ڕێكخراوی كوردستان بۆ چاودێریكردنی مافەكانی مرۆڤ، كە هانی خانمان و گەنجان دەدات چیرۆكی سەركەوتنەكانیان بنووسنەوە و بۆیان بڵاو بكەنەوە، جگە لە كەركووك ڕێكخراوەكە هەمان پڕۆژە لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین، ئەنبار، نەینەوا و دیالە ئەنجام دەدات.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *