جۆینی تیلیگرام بن

بۆ یەکەم جار لە ڕێی دادگاوە داوای دیاریکردنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران دەکرێت

بۆ یەکەم جار لە ڕێی دادگاوە داوای دیاریکردنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران دەکرێت

لە ساڵی 1925 شێخ سەعیدی پیران و 46 هاوڕێی بە بڕیاری دادگای ڕزگاریی ئەوكاتی توركیا لەسێدارە دران، بەڵام تاوەكوو ئێستا نازانرێت گۆڕەكەیان لە كوێیە، بۆیە 97 ساڵ دوای لەسێدارەنی شێخ، بۆ یەكەم جارە سەندیكای پارێزەرانی ئامەد و نەوەكانی شێخ، لە ڕێگەی دادگای توركیاوە داوا دەكەن، شوێنی گۆڕی شێخ سەعید ئاشكرا بكرێت.

شێخ سەعیدی پیران، یەكێكە لە سەركردە گرنگ و بە بایەخەكانی كورد کە دوای دامەزرانی كۆماری توركیا داوای مافی ڕەوای كوردی كرد، بەڵام مستەفا كەمال ئەتاتورك، سەركۆماری توركیا بە تۆمەتی ئەوەی شێخ دەیەوێت توركیا دابەش بكات، ئۆپەڕاسیۆنی بۆ لەناوبردنی دەست پێ كرد و دەستگیری كرد.

ئەوكات دادگای ڕزگاری بڕیاری دا خۆی و 46 هاوڕێی لەسێدارە بدرێن، بۆ ئەوەی شێخ نەتوانێت لە دادگاش بەرگری لە خۆی بكات و تانە لە بڕیارەكە بدات، هەر هەمان ئەو شەوەی دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆی دەركرد لەسێدارە درا، بەڵام شوێنی ناشتنی و گۆڕەكەی تاوەكوو ئێستا بەنهێنی ماوەتەوە و وەزارەتی ناوخۆی توركیا ئاشكرای ناكات.

تەنانەت لە 1938 دادگای ڕزگاری بڕیاری دا، هەموو ئەوانەی سزا دراون و لەسێدارە دراون، ئیعتیباریان بۆ بگێڕدرێتەوە، بەڵام لەوەشیاندا شێخ سەعیدی نەگرتەوە و گۆڕەكەیان ئاشكرا نەكرد.

دوای 97 ساڵ ڕێگەی دادگا گیرایە بەر

نەوەكانی شێخ سەعیدی پیران و سەندیكای پارێزەرانی ئامەد، چەندین جار داوایان لە وەزارەتی ناوخۆی توركیا كردووە، شوێنی گۆڕی شێخ سەعید ئاشكرا بكرێت، بەڵام بێئەنجام بووە. مانگێك بەر لە ئێستاش، بە هەمان شێوە بەفەرمی نامەیەكیان ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی توركیا كردووە و داوای شوێنی گۆڕی شێخیان كردووە، بەڵام وەڵام نەدراونەتەوە، بەگوێرەی یاساش، ئەگەر لە ماوەی مانگێكدا وەڵام نەدرێنەوە، كەواتە نامەكە ڕەت كراوەتەوە. بەڵام بۆ یەكەم جار، نەوەكانی شێخ سەعید و سەندیكای پارێزەرانی ئامەد، لەڕێگەی دادگای پێنجی ئیداریی ئەنكەرەوە داوای یاساییان تۆمار كرد و داوایان كردووە، شوێنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران ئاشكرا بكرێت.

مەهدی ئۆزدەمیر، بە ناوی سەندیكای پارێزەرانی ئامەد داوای یاسایی تۆمار كردووە و ڕەخنە لە وەزارەتی ناوخۆی توركیا دەگرێت بەوەی بەبێ ئەوەی هیچ لێكۆڵینەوەیەك بكەن، داوای ئەوانیان ڕەت كردووەتەوە، ئەمەشی پێ پێشێلكردنی ئەو بەرپرسیارەتییەیە كە هەیانە.

ئۆزدەمیر قسەی بۆ ئاژانسی (DW) كردووە و دەڵێت: ”لە مادەی 8ی ڕێككەوتنی مافی مرۆڤی ئەورووپا و مادەی 20ی دەستووردا هاتووە كە هەموو كەس مافی خۆیەتی گۆڕی هەبێت، هەروەها لە ئیجتیهاداتی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاشدا ئاماژە دراوە بەوەی کە مافی هەموو كەسێكە داوای زانیاری لەسەر شوێنی گۆری كەسی خۆی بكات، ئەگەر شوێنی گۆڕەكە ئاشكرا نەكرابێت. بۆیە وەزارەتی ناوخۆی توركیا، بەئاشكرا پێشێلی مافی مرۆڤ و بەرپرسیاریەتیی خۆیان كردووە”.

گەر پێویست بكات مان لە خواردن دەگرم تا مردن

نەوەی شێخ سەعیدی پیران بە ناوی قاسم فورات، دەڵێت ئەگەر دادگا وەڵامیان نەداوەتەوە و شوێنی گۆڕی شێخ سەعید ئاشكرا نەكرێت، پێویست بكات مان لە خواردن دەگرێت تا مردن و كۆڵ نادات تا گۆڕەكەی نەدۆزێتەوە.

فورات دەڵێت: ”ئەگەر ئەنجامێكی نەبوو، دەچینە بەردەم دادگا و دادەنیشین، پێویست بكات مان لە خواردن دەگرم تا مردن. من شوێنی ئەو شەهیدانەم دەوێت كە وەسیەتیان كردووە، ئەمەش مافی ئەوان و مافی گەلی كوردە، هەروەها بەرپرسیاریەتیی نەتەوەیی و ئیسلامییشە. ئەگەر ئێمە وەكوو كورد، ببینە میراتگری ئەو شەهیدانە، دڵنیا بن شوێنەكەیان دەدۆزینەوە، بڕوای تەواویشم بەوە هەیە كە شوێنی گۆڕەكەیان دەدۆزینەوە“.

ئەو دۆسیەیە دەبرێتە نەتەوە یەكگرتووەكان

ئۆزدەمیر، هەڕەشەی ئەوە دەكات، ئەگەر دادگای ئیداریی ئەنكەرەش هیچ وەڵامێكیان نەداتەوە، ئەوان دۆسیەكە دەبەنە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و پاشان دەیبەنە نەتەوە یەكگرتووەكان، تا لەو ڕێگەیەوە گۆڕی شێخ سەعید ئاشكرا بكرێت.

ئەو دەڵێت، ئێمە ئیمكانیەتی ئەوەمان هەیە لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو دۆسیەیە بورووژێنین، بەو مەرجەی ئەگەر لە دادگای ناوخۆی توركیا نەگەنە ئەنجام، ئەو بژاردەیە بۆ ئەوان جێی هەڵسەنگاندنە و جێبەجێی دەكەن.

بۆچی شێخ سەعید لەلای كوردەكان گرنگە؟

شێخ سەعیدی پیران لە 1865 لە ئەرزرووم لە ناوچەی هنس و لە گوندی كۆلهیسار لەدایك بووە. لە قوتابخانە خوێندوویەتی و سەر بە تەریقەتی نەقشبەندی بووە و یەكێك بووە لە شێخە هەرە گرنگەكانی ئەو تەریقەتە. هەروەها لە ناوچەكەدا وەكوو شێخێك و ناسراوێك زۆر گرنگیی پێ دراوە و ڕێزێكی ڕادەبەردەری لێ گیراوە.

شێخ بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە بە فیتی ئینگلیزەكان دژی دەوڵەتی توركیا وەستاوەتەوە و شەڕی لەگەڵ كردوون، بەڵام وەكوو ئەوەی لە میدیاكانی توركیا باسی لێوە دەكرێت، هیچ كوردێك و لێكۆڵەرێك بڕوای بەو دەنگۆیە نییە.

دوو هۆكار هەیە كە وای لە شێخ سەعید كرد دژی دەوڵەتی توركیا بوەستێتەوە، یەكەمیان لە دەستووری 1924ی توركیا، بە هیچ شێوەیەك باسی مافی كورد نەكراوە و كوردیان بە هیچ حیساب كردووە، بۆیە ئەویش ئەمەی پێ قبووڵ نەكراوە و دژی ئەتاتورك وەستاوەتەوە. دووەمیش، كە وەكوو تۆمەتێك بۆ شێخ سەعید باسی لێوە دەكرێت، ئەویش كۆتاییهاتنی خەلافەتی ئیسلامی بووە لەسەر دەستی ئەتاتورك و دروستبوونی دەوڵەتی كۆماری توركیا.

مووسا عەنتەر، نووسەری بەناوبانگی باكووری كوردستان، لە یادەوەرییەكانیدا باس لەوە دەكات، كە شێخ بۆ مافی ڕەوای كورد جەنگاوە و ئەوە تۆمەتە كە دەڵێن، بۆ بەرژەوەندیی خەلافەتی ئیسلامی شەڕی دژی ئەتاتورك و دەوڵەتی توركیا كردووە.

ئەگەر گۆڕی شێخ سەعید ئاشكرا كرا، لەسەر وەسیەتی خۆی، كە بەر لە سێدارەدانی گوتوویەتی ”با گۆڕێكم هەبێت و بزانرێت ئەمە گۆڕی منە”، نەوەكانی دەڵێن لە شوێنێكی زۆر باشی ئامەد بە خاكی دەسپێرن و وەسیەتەكەی بەجێ دەگەیەنن.

سەرهەڵدانی شێخ سەعیدی پیران چۆن دەستی پێ كرد؟

لە 5_2_1925، شێخ سەعید لەگەڵ چەند كەسێكی سەر بە خۆی كە چەكیان پێ بووە، لە ناوچەی خانێی سەر بە ئامەد دێتە دەرەوە و دەچێتە ناوچەی دیجلە و لای ماڵی برایەكەی بە ناوی شێخ عەبدولڕەحیم. ئەو شەوە، جەندرمەی تورك، هەڵدەكوتنە سەر ماڵی شێخ عەبدولڕەحیم و داوای ڕادەستكردنی 10 كەسی لێ دەكەن كە لەوێ خۆیان حەشار دابوو، شێخ سەعیدیش كە لە ماڵی عەبدولڕەحیمە بە هیچ شێوەیەك ئەو كەسانە ڕادەست ناكات، بۆیە شەڕ لە نێوان جەندرمە و خەڵكی ئەو ناوچەیە دروست دەبێت.

ئەو شەڕە ڕێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی سەرهەڵدانێكی گەورە دروست ببێت و خەڵك پشتگیری لە شێخ سەعید دەكەن و ئەو سەرهەڵدانەش چوار شاری باكووری كوردستان دەگرێتەوە.

هێزی شێخ سەعید دەست بەسەر چەندین شوێنی باكووردا دەگرێت و بۆ خۆیان خۆیان بەڕێوە دەبەن و سوپای توركیای لێ دەردەكەن.

شێخ سەعید هێرشێك بۆ سەر ئامەد دەست پێ دەكات، بەڵام 150 کەس لە پیاوەكانی خۆی لەدەست دەدات، بۆیە بڕیار دەدات كە بكشێنەوە.

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانیشدا هێزی توركیا هێرشێكی توند بە چەكی قورس دەكەنە سەری و شێخ سەعید و هاوڕێكانی بەدیل دەگرن و دەیانبەنە ئامەد و هەر لەوێ دادگای ڕزگاری بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەردەكات و لەگەڵ 47 هاوڕێی لەسێدارە دەدرێت.

شێخ لە مەیدانی (داغقاپی) لە ئامەد لەسێدارە درا، لە ساڵی 2014، بە بڕیارەی شارەوانیی ئامەد، ناوی ئەو مەیدانە گۆڕدرا بە مەیدانی شێخ سەعیدی پیران.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو