جۆینی تیلیگرام بن

تەكنەلۆژیا كتێبی بێناز كردووە

تەكنەلۆژیا كتێبی بێناز كردووە

پێشكەوتنی ئینتەرنێت و تەكنەلۆژیا خوێنەر و كتێبی لە یەك دوورخستووەتەوە و بەڕێوەبەری كتێبخانەی زەڕایەنیش دەڵێت، “ئەم پێشكەوتنە سەردەمییانە كاریگەری گەورەی هەبووە لە سەر خوێنەری كتێب بە جۆرێك تەنها لە مانگی 12 ی ساڵی ڕابردوودا 84 هاوڵاتی سەردانی كتێبخانەكەمانی كردووە كە 55 ی قوتابی قۆناغی سەرەتایی بوون ”.

دلێر ئەحمەد، بەڕێوەبەری كتێبخانەی زەڕایەن لە سنوری شارەزوور ڕایگەیاند، “بەهۆی پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژیا و مۆبایلی زیرەك و ئینتەرنێت كاریگەری گەورەی هەبووە لە سەر كتێب خوێندنەوە بە جۆرێك تەنها لە مانگی 12 ی ساڵی ڕابردوو 84 هاوڵاتی سەردانی كتێبخانەی كردووە كە 55 ی قوتابی قۆناغی سەرەتایی بوون “.

وتیشی، “لە ساڵەكانی ڕابردوودا ڕێژەی خوێنەرانی كتێب لە ئاستێكی بەرزدابوون وە هەم كتێبیشیان دەبردەوە بۆ ماڵەوە بۆ ئەوەی لەو كاتانەی كە دەرفەتیان هەیە بە خوێندنەوەی كتێب پڕی بكەنەوە بەڵام ئێستا سۆشیاڵ میدیا جێگەی گرتووەتەوە هاوڵاتیان و بەتایبەت چینی گەنجان و لاوان كاتە بەتاڵەكانی خۆیان بە تۆڕە كۆمەڵایەتییە جیاوازەكان بەسەر دەبەن “.

دەشڵێت، “ئێمە دەزانین كە ئینتەرنێت سەدان هەزار كتێبی بوارە جیاوازەكان بە چەندین زمانی بیانی و لەگەڵ سۆرانی تێدایە بەڵام ئەوەی دەیبینین گەنجان و لاوانمان لە جیاتی ئەوەی بەشێكی كاتەكانیان بە خوێندنەوەی كتێب بەڕێبكەن تەواوی كاتەكانیان بە كۆمەڵە بابەتێكی بێسود یان سەیركردنی ڤیدیۆ یەك لە دوایەكەكانی تیكتۆك و ئینستاگرامەوە دەكوژن “.

دلێر ئەحمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، “ئێمە دەبینین كە ئاستی نمرەی قوتابیان و خوێندكاران لەگەڵ سەرهەڵدانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان ئاستی خوێندكارانی دابەزاندووە و وێڕای ئەوەش زیانی بە ئاستی بینینی چاوی قوتابیان و خوێندكاران گەیاندووە بەهۆی نەبونی ڕۆشنبیری گشتی كە ئەمەش بە كارەساتێكی گەورەی دەبینین “.

ئاماژەی بۆ ئەوەشدا، “لە هەرێمی كوردستان هیچ جۆرە فلتەرێك بۆ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نییە كە تۆڕە بێ سودەكان سانسۆڕبكات كە ئەمە ئەركی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە هەستێتن بە ڕێكخستنەوەیان، ئەو جیلەی دەبێت لە دامەزراوەكانی حوكمەت و پێشەوای جیلی داهاتوو بن لە مەترسی گەورەدان و پێویستە هەوڵبدرێت بۆ چارەسەر كردنی ئەم كێشەیە “.

بەڕێوەبەری كتێبخانەی زەڕایەن دەڵێت، “جاران هەموان كتێب و ڕۆژنامە و گۆڤاری بەدەستەوە بوو لە شەقام و پارك و شوێنە گشتییەكان ئێستا بەدەم ڕێگاوە مۆبایلی زیرەك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكاردێنن كە هەندێك جار دەبنە هۆی دروستبونی ڕوداوی هاتوچۆ یان كەوتن و چەندین حاڵەتی تر ”.

بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەی دانیشتوانی ناحیەی زەڕایەن و شارەزوور بە گشتی 75,685 حەفتاو پێنج هەزار و شەشسەد و هەشتاو پێنج هاوڵاتی تێیدا نیشتەجێیە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو