جۆینی تیلیگرام بن

بەرگەکانی 11 و 12ی ”فەرهەنگی زارەکیی موکریان” چاپ و بڵاو کرایەوە

بەرگەکانی 11 و 12ی ”فەرهەنگی زارەکیی موکریان” چاپ و بڵاو کرایەوە

بەرگەکانی 11 و 12ی ”فەرهەنگی زارەکیی موکریان” لە نووسینی سەلاح پایانیانی، فەرهەنگنووس و توێژەری خەڵکی مەهاباد لەلایەن ”خانەی موکریانی”یەوە لە هەولێر چاپ و بڵاو کرایەوە.

بەپێی زانیارییەکان بەرگی 11ی فەرهەنگی زارەکیی موکریان تایبەت بە پیتی ”ق” و 882 لاپەڕەی وەزیرییە. بەرگی 12ش پیتەکانی ”ش، ع، غ، ف”ی لەخۆ دەگرێت و 1334 لاپەڕەی وەزیرییە.

د. ئەحمەد محەمەدپوور، مامۆستای مرۆڤناسی و کۆمەڵناسیی زانکۆی ماساچۆسێت، ئەمهێرست لە ئەمریکا، لە بەشێک لە پێشەکیی بەرگی 11دا دەڵێت: ”لەگەڵ ئەوەیشدا کە ژمارەیەک فەرهەنگی وشە و وشەدانی زۆر لە زمان و ئەدەبیاتی کوردیدا نووسراون، فەرهەنگی زارەکیی سەلاح پایانیانی هەندێک تایبەتمەندیی کەموێنەی هەیە کە کردوویەتی بە خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی لە مێژووی ئەدەب و فەرهەنگی کوردی و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا”.

لە پێشەکیی بەرگی 12شدا د. کەماڵ سلێمانی، مامۆستای مێژووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: ”فەرهەنگی زارەکیی موکریان، ئەرشیڤێکی زمانیی نەتەوەیی و ئینسکلۆپیدیای ئەدەبی زمانی کوردییە. فەرهەنگی زارەکیی موکریان، بەبایەخترین خەڵاتی مێژووییە کە تا ئێستا بە زمانی کوردی پێشکەش کراوە و گەورەترین فەرهەنگی نەتەوەییە کە تا ئێستا کوردستان بە خۆیەوە بینیویه. فەرهەنگی زارەکیی موکریان، لە ڕاستیدا قەڵایەکی لەبننەھاتوو و مێژوویی دروست کردووە و یەکێک لە بزێوترین پارێزەرانی زمان و ئەدەبی کوردییە کە ئەم زمانە بۆ هەمیشه له با و باران دەپارێزیت”.

پێشتر 10 بەرگی فەرهەنگی زارەکیی موکریان لەلایەن ”خانەی مەکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە” لە هەولێر چاپ و بڵاو کراوەتەوە و هەر بەرگێکی یەکێک لە نووسەر و توێژەرانی کورد پێشەکییان بۆی نووسیوە و بە گرنگترین فەرهەنگی زمانی کوردییان لەقەڵەم داوە.

توێژەر و فەرهەنگنووس سەلاح پایانیانی، جیا لە فەرهەنگی زارەکیی موکریان (ئەلفبێ، کە تا ئێستا 12 بەرگی لێ چاپ و بڵاو بووەتەوە) دوو بەرگی لاوەکیشی بە ناوی فەرهەنگی زارەکیی “خوردوخۆراک” و ”خشڵ و جلوبەرگی ژنان”ی موکریان چاپ و بڵاو کردووەتەوە و بەپێی زانیارییەکان کاری لەسەر دوو بەرگی لاوەکی دیکەش بە ناوی فەرهەنگی زارەکیی “کشتوکاڵ” و ”ئاژەڵداری”ی موکریان کردووە و سەرلەبەری پڕۆژەکەش لەلایەن ”خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب”ـەوە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.

سەلاح پایانیانی، توێژەر و فەرھەنگنووسی کورد، 20ی خاکەلێوە‌ی 1357ی هەتاوی (9/4/1978) لە شاری مەھاباد لەدایک بووە و ئێستا هەر لەو شارە بەڕێوەبەری مۆزەخانەی فەرهەنگیی “سەرای ھێمن”ـە.

سەلاح پایانیانی کە زیاتر لە 20 ساڵە شانی وەبەر توێژینەوە و فەرھەنگنووسیی زمانی کوردی داوە، بێجگە لەو بەرگانەی فەرهەنگی زارەکیی موکریان کە ئاماژەمان پێ دان، تاکوو ئیستا لە بواری ئه‌دەبیاتی زارەکیی موکریانیشدا سێ کاری جیاوازی بڵاو کردووەتەوە کە بریتین لە: ئەدەبیاتی زارەکیی ژنانی موکریان (یەک بەرگ)، ئەدەبیاتی زارەکیی منداڵانی موکریان (دوو بەرگ) و کتێبی ”کانی مرادان” (بەیت و باوی ناوچەی موکریان).

جێی ئاماژەیە کە هەموو بەرگەکانی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان لەلایەن ”خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب” لە هەولێر چاپ و بڵاو کراونەتەوە و ئێستا سەرجەمی پڕۆژەکە بۆ هۆگران و توێژەران و نووسەرانی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی لە خانەی خانەی موکریانی بەردەستە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو