جۆینی تیلیگرام بن

کۆمەڵەچیرۆکی نووسەرێکی کورد کەوتە بەر سەرنجی ڕەخنەگرانی جیهانی

کۆمەڵەچیرۆکی نووسەرێکی کورد  کەوتە بەر سەرنجی ڕەخنەگرانی جیهانی

ڕۆژی 2022/2/22 بە بەشداریی کۆمەڵێک ئەدیب و نووسەری کورد و نەرویجی و بیانی، کۆڕی پەردەلادان و واژووکردنی کۆمەڵەچیرۆکی ”دوایین ڕۆژی کۆتایی پاییز”، نووسینی چیرۆکنووس و وەرگێڕی کورد، خاتوو عیسمەت (عاسیمە) سۆفیە، لە کتێبخانەی دیچمەن هۆلملیای شاری ئۆسلۆی وڵاتی نەرویج بەڕێوە چوو.

ئەم بەرهەمە ئەدەبییە بە ناوی “Last Day of Autumn” و به زمانی ئیگلیزی نووسراوە و لەلایەن چاپەمەنیی ترانس‌نەیشناڵ Transnational لە لەندەن، چاپ و بڵاو بووەتەوە. کاراکتێری سه‌ره‌کیی هه‌مووی ئه‌م چیرۆکانه‌ ژنن و باسی بارودۆخ و کێشه‌گه‌لی جیاوازی ژنان له‌ کۆمه‌ڵگای کوردیدا ده‌که‌ن. ئەم کتێبە پێشکەش کراوه بە سێ ژنی ڕچەشکێنی شاری سنە: فەتانه وەلیدی، شەهێن تاڵەبانی و سیمین چایچی.

کۆمەڵەچیرۆکی “دوایین ڕۆژی کۆتایی پاییز” بە ماوەیەکی کورت دوای بڵاوبوونەوەی، بووەتە جێی سەرنجی کۆمەڵێک ئەدیب و ڕەخنەگری ناسراوی جیهانی و ماڵپەڕی “گوودڕیدز” کە ماڵپەڕێکی دیاری ئینگلیزییە لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا، ئەم کتێبەی ناساندووە و لەوێدا چەند نووسەرێکی ناودار بۆچوونی خۆیان لە بارەیەوە دەربڕیوە. لەوانە:

پڕۆفیسۆر ڕێبێکا لاین سچەیر، مامۆستای ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی ئۆسلۆ، دەڵێت: سۆفیە دەنگێکە بۆ نەوتراوەکان و گوێیەکە بۆ نەبیستراوەکان. ئەو تیشک دەخاتە سەر تێڕوانینی ژنان بەگشتی و ژنانی کورد بەتایبەتی و ئەزموونەکەیان لەناو کۆمەڵگادا. سۆفیە نەک تەنیا ڕوانگەی من سەبارەت بە ژنان لەو جوگرافیایەدا فراوانتر دەکات، بەڵکوو ئاوێنەیەکیشە بۆ ژیانی ئەو ژنانە.

دکتۆر لیز مۆنۆمێنت، نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبیی و مامۆستای زانکۆ لە ئوسترالیاش ئەم کتێبەی بە ”سەرنجڕاکێش، بەهێز، جوان و خوێندنەوەیەکی مەزن” وەسف کردووە.

دەیڤید گێلتێر، ڕەخنەگری ئەمریکاییش دەبێژێت: ”سۆفیە چیرۆکە کورتەکانی لە پارچەگەلێکی ئاشنا (لە ڕوانگەی ئەمریکیی منەوە) بە شێوازێکی سەیر و نامۆ بنیاد ‌دەنێت. ئەو دیوی ناوەوەی ژیانی کەسانێک نیشان دەدا، کە زۆربەی کات لەژێر زەخت و گوشاری سەرەڕۆییەکانی کۆمەڵگادان. بابەتی هەر چیرۆکێک دەتوانێت وەک نەخۆشیی دەروونی، یان بێهیوایی پاڵەوانەکەی، ئاسایی بێت. بەڵام نووسەر بە ڕیالیزمێکی هەستیاری بێوێنە، تام و چێژێکی تایبەت دەدا بە وێناکان. کۆمەڵێک کاراکتەر دەخولقێنێت کە وا دەردەکەون کەسانی ڕاستەقینەن و لە کۆمەڵێك بازنەدا دەسووڕێنەوە کە زۆربەمان توانای بینینیمان نییە. ئەو تا ڕادەیەکی زۆر، لەسەر بنەمای ئەزموونەکانی خۆی لە کوردستانی ئێراندا، وێنایەکی ڕوونی ژیانی ڕۆژانە و غەدر و چەوساندنەوەکانی نێو ئەو کۆمەڵگایەی کێشاوە. بە خوێندنەوەی ئەم چیرۆکانە هەستم کرد جیهانەکەم بەرفرەوانتر بووە و لە ئیستا بە دواوە تینووم بۆ نووسینەکانی سۆفیە”.

هاڵی مۆرگان میسۆن، شاعیر و ڕەخنەگری کورد_ئەمریکییش دەڵێت: ”خۆشحاڵ بووم کە دەبینم ئەم کۆمەڵەچیرۆکە پڕە لە کەسایەتیی ئاڵۆزی ژنان. هەر چیرۆکێک دیمەنێکی نوێ لە پێگەیەکی جیاوازەوە پێشکەش دەکات. من سەرسامم بە ڕێجکەی ئەم چیرۆکانە لە لێکدانەوەی ڕەگەزی و تواناسازیی ژنان و هەروەها دژایەتیی پێکهاتە پیاوسالارییە چەوسێنەرەکان. چیرۆکی دڵخوازی من لەنێو ئەم کۆمەڵەچیرۆکەدا “سێ‌تار لەسەر دیواری گڵین”ـە کە یەکجار سەرنجڕاکیش و دڵتەزێنە. چیرۆکێکی بزوێنەر و جوان کە لێهاتوویی زۆری سۆفیە لە گێڕانەوەدا نمایش دەکات، هەروەها دەشکۆڵێتەوە لە هاوڕێیەتییە بەهێزەکانی ژنان، لەدەستدان و دۆخی تەندروستیی دەروونیی ژنان لە کوردستاندا.

عیسمەت سۆفیە، وەرگێڕ و چیرۆکنووسی کورد، لەدایکبووی 1975 خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ساڵی 2000ـوە لە هەندەران دەژی. ساڵی 2004 له‌ زانکۆی یووتا له‌ شاری ساڵتلیکی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ماسته‌ری “کۆمەڵناسی”ی وه‌رگرت. پاشان چوو بۆ نەرویج و لەو کاتەوە نیشته‌جێی ئەم وڵاتەیە. ساڵی 2010 ماسته‌ری “ئینفۆرماتیک و ڕاگه‌یاندن”یشی له‌ زانکۆی ئوسلۆ به‌ده‌ست‌ هێنا. ئێستاش خەریکی خوێندنی “زمان و ئەدەبی ئینگلیزی”یە لە قۆناغی ماستەر و لە هەمان زانکۆدا.

ئەم وەرگێڕە کوردە ساڵی 2013ی زایینی، هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی مامۆستا شێرکۆ بێکەسی وەرگێڕایە سەر زمانی نەرویجی و لە کتێبێکدا بە ناوی لە چاوی زریاندا The eye of the Storm چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبە لە هەمان ساڵدا خەڵاتی ئەدەبیی “ئۆردکناپێن  Ordknappen”ی پێ بەخشرا. (ئەم خەڵاتە ئه‌نجوومه‌نی قه‌ڵه‌می نەرویج ده‌یدا به‌ باشترین وه‌رگێڕانه‌کان له‌و وڵاته‌دا.) ئەم کتێبە لە کۆمەڵگای فەرهەنگیی نەرویجدا پێشوازییەکی بەرچاوی لێ کرا، بە چەشنێک که لە ساڵی خوێندنی 2021-2022ی ئەم وڵاتەدا، لە کتێبێکدا بە ناونیشانی “گریپ3”  Grip3 که وانەیەکی دەرسیی پۆلی دەیەمی قوتابخانەیە، هەندێک لەو وەرگێڕانانەی خاتوو عیسمەت بە ئینگلیزی و نەرویجی لەگەڵ دەقە کوردییەکەیاندا، چاپ کران و ئێستا بە فەرمی لە قوتابخانەکانی نەرویجدا دەخوێندرێت.

یەکێکی‌تر لە بەرهەمەکانی خاتوو عیسمەت، وەرگێڕانی کتێبی بەناوبانگی تێپه‌ڕینی ژنان له‌ سێبه‌ره‌وه‌ بۆ ڕووناکی، تێڕوانینێکی کورت بۆ مێژووی ژنان له‌ که‌وناراوه‌ تا سه‌رده‌می نوێ”یە لە نووسینی مێژوونووس “ئاماندا فۆرمن”، کە به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ “عه‌باس شوکری‌” لە ساڵی 2015دا له‌ زمانی ئینگلیزییه‌وه‌ وەریانگێڕایەوە بۆ سەر زمانی فارسی.

خاتوو عیسمەت جیا له‌ نووسین، ڕوخسارێکی دیاری کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ ئه‌ده‌بی و فێمێنیستییه‌کانه‌ و خاوەنی چه‌ندین وتار و لێکۆڵینەوەیە سەبارەت بە ئه‌ده‌بیات و مێژووی فێمێنیزم و کێشه‌ی ژنان لە ئێران و کوردستاندا.

ئەم نووسەرە ئێستا سەرقاڵی پڕۆژەی نووسینی ڕۆمانێکی ڕۆمانتیک و مێژووییه‌ که‌ به‌شێک له‌ مێژووی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ هاتنه‌ سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی و ڕووداوه‌ پێوه‌ندیداره‌کان ده‌گێڕێته‌وه‌. بڕیار وایە ئەم ڕۆمانە لە چەند مانگی داهاتوودا بڵاو ببێتەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو