بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری پارێزگای دهۆك، ئاشكرای دەكات، خانووە كەلەپوورییەكانی سەرانسەری پارێزگای دهۆك دیكۆمێنت دەكرێن و نۆژەن دەكرێنەوە و دەپارێزرێن، بۆ ئەو مەبەستەش پلانێكیان داناوە، كە خانووە كۆن و كەلەپوورییەكانی گەڕەكی جووەكان و مەسیحییەكانی دهۆك و دوكانە كۆنەكان و خانووە كەلەپوورییەكان لە زاخۆ و ئامێدی و ئاكرێ دیكۆمێنت بكرێن.
د. بێكهس بریفكانى، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری پارێزگای دهۆك، رایگەیاند ”لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هەروەها لە قەزای ئاكرێ و ئامێدی و سەنتەری پارێزگای دهۆك، ژمارەیەك خانووی كەلەپووری هەن و خەریكە لەناو دەچن، بۆ پاراستنی ئەو خانووانە، پلانێك دانراوە، كە هەموو ئەو خانووانە دیكۆمێنت بكرێن و لە ئایندەدا نۆژەن بكرێنەوە“.
وتیشی: ”رەزامەندیی بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو خانووانەی سنووری پارێزگای دراوە، ئێستا گوژمەی 900 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوە و پاراستنی خانووە كۆن و كەلەپوورییەكانی ئاكرێ تەرخان كراوە و دوای ئەوەی نۆژەن دەكرێنەوە، دەبنە ئەرشیفێك بۆ پارێزگای دهۆك“.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری پارێزگای دهۆك، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ”لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ژمارەیەك دوكان هەن، لەگەڵ هەندێك خانوو و قەیسەری، ئەوانە دیكۆمێنت دەكرێت و دەپارێزرێن، هەروەها لەناو سەنتەری پارێزگای دهۆكیش ژمارەیەك خانووی كەلەپووری هەن، بەتایبەت لە گەڕەكەكانی جوو و مەسیحییان 76 خانوو هەن، ئەوانەش دیكۆمێنت دەكرێن و لە ئایندەدا كاریان لەسەر دەكرێت“.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *