ئازمان، نهوهی شاعیری كورد، حهسیب قهرهداخی، کوڕی شانۆکاران نیگار و شەماڵ، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 13ی مانگی دووی 2022 خەڵاتی باشترین ئەلبومی ڕاپی 2021ی نەمسای پێ بەخشرا.
ئەم خەڵاتە لەلایەن گۆڤاری (پەیام)ـەوە لە نەمسا بۆ هاندان و پاڵپشتی موزیک و گۆرانیی هیپ هۆپ و ڕاپ لە ساڵی 1997ەوە هەیە و وا بۆ ماوەی دوو ساڵە خەڵات دەبەخشێتە باشترین ئەلبوم و بەرهەمهێنەر و ئاکت و ئینسترومانتال و پەیام.
شایانی باسە کە ئەم خەڵاتانە بەشێک بوو لە گەورەترین خەڵاتی ساڵانەی موزیک لە نەمسا کە بە ناوی خەڵاتی ئامادیۆسەوەیە، بەڵام وا بۆ دوو ساڵ دەڕوات ئەم لیژنەیە لەم خەڵاتە جیا بوونەتەوە، بەهۆی ئەو باوەڕەوە کە خەڵاتی ئامادیۆس تاوەکوو ئێستا بەپێی پێویست ئاوڕی لە هونەری هیپ هۆپ و ڕاپی نەمسا نەداوەتەوە. هەربۆیە بە پێچەوانەی ئامادیۆس، گرنگە لەلای ئەم لیژنەیە کە ڕێوڕەسمێکی ئەلتەرناتیڤی بۆ بەخشینی خەڵاتەکان بکرێت، بەڵام بەداخەوە بۆ جاری دووەم بەهۆی بارودۆخی کۆرۆناوە دیسان نەتوانرا ئاهەنگ بۆ بەخشینی خەڵاتەکان بکرێت، تەنها لەڕێی یوتیوبەوە بە شێوەی لایڤ ناوی هەڵبژێردراوەکان و براوەکان و هۆکاری ئەم بڕیارە ئاشکرا کرا.
شارۆ (ئازمان) بۆ دوو خەڵات هەڵبژێردرا بوو، یەکێکیان باشترین ئەلبومی ڕاپ بە ناوی ”ئالێس ڤین”، باس لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤە ئاساییەکانی شاری ڤیەننا دەکات و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەگرێتە خۆ، بەتایبەتی سیاسیەتی ئەم شارە لە مامەڵەکردنیدا لەتەک گەنج و کەسانی بیانیدا و ئەوی تریان باشترین پەیامی ساڵی 2021 (کە بۆ ئەمیان ئاماژە درا بوو بە دوو گۆرانیی ئازمان، یەکێکیان گۆرانیی شەو و گریان و مەرگ کە پێشکەشی هەموو کۆچبەرانی دەکات و دژی جەنگ و لەدەستچوونی نیشتمانە و پێک هاتووە لە کۆپلەیەک لە هۆنراوەی شێخی شاعیران حەسیب قەرەداخی (باپیریەتی) کە ساتی خۆی بۆ کۆڕەوی کوردانی نووسیوە، بە زمانی کوردی و هەروەها دەقێکی ئازمان خۆی بە زمانی ئەڵمانی، پاشان گۆرانیی نیشتمان، کە لەمیشدا باس لە نیشتمانی دایک دەکات و تامەزرۆیی و خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمانی ڕەسەنی خۆیدەردەبڕێت.
خەڵاتی ئەلبومی ڕاپ بۆ ئازمان لەلایەن لیژنەیەکی یانزە کەسییەوە بڕیاری لەسەر درا.
لیژنەکە ناوی پێنج هەڵبژێردراوی بۆ خەڵاتی باشترین ئەلبومی ڕاپی 2021ی هێنا و باسی لەوە کرد کە کارێکی ئاسان نەبووە لەم پێنج ئەلبومە تەنها یەکێک بە باشترین هەڵبژێرن، چونکە هەموویان لە ئاستێکی بەرزدا بوون، بەڵام دواجار ناوی ”ئازمان”ی هێنا، کە پێشکەشکارەکە پرسیار لێ کرد بۆچی ئەمیان هەڵبژارد، لە وەڵامدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئازمان لە تەمەنی لاوێتیدا بەرهەمی زۆر باشی هەبووە، بۆ ماوەیەک وازی هێناوە و بە مەبەستی خوێندن چووەتە ئەڵمانیا، چەند ساڵێکە گەڕاوەتەوە بۆ ڤیەننا و دەستی کردووەتەوە بە ڕاپ و شێوازێکی تایبەتی خۆی هەیە و زۆر کامڵە لە داڕشتنەوەی دەقەکانیدا کە ڕەنگدانەوەی ژیانی شەقامە و پڕن لە چیرۆک، کە خۆی تێیدا ژیاوە، یاخود چیرۆکی کەسانی دەوروبەریەتی، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی میلۆدییەکانی دا کە لەلایەن سمۆکی ئایس ئامادە کراوە و بەرهەم هێنراوە و کاری پێکەوەیی ئەم دوو هونەرمەندە سەرنجی لیژنەکەیان ڕاکێشاوە و دواتر ئەم بڕیارەیان داوە.
ئازمان، گهنجێكی كورده و لهدایكبووی 1990ی شاری سلێمانییه و دایك و باوكی له بواری هونهری شانۆدا كار دهكهن.
ناوی ڕاستهقینهی ئهو گهنجه، “شارۆ”یه و كوڕی هونهرمهندان نیگار قهرهداخی و شهماڵ عومهره و له كۆڕهوی 1991دا خێزانهكهی ئاواره بوون و ڕوویان كردووهته ئهورووپا.
له ئهورووپا، ئازمان (شارۆ)، جێرمان پۆپ ئهكادیمی لە بەشی کامێرا، مۆنتاج، کولتوور مەنیجمەنت و پرۆجێکت مەنیجمەنت خوێندووه و چەند ساڵێکە لە کەناڵی تیڤی ئۆکتۆ لە ڤیەننا کار دەکات و پرۆگرامی ئەم کەناڵە دەبات بەڕێوە، کە کەناڵێکی کراوە و سەربەخۆی هونەری و کۆمەڵایەتی و سیاسییە.
ئازمان لە تەمەنی هەژدە ساڵییەوە بە زمانی ئەڵمانی خولیای هونەری ڕاپە و بە نازناوی “ئازمان” چەندین بەرهەمی هەیە. تێکستی گۆرانییەکانی گوزارشت لە خەم و خەیاڵی گەنج و کێشەی کۆمەڵایەتی و ژیان لە تاراوگە دەکەن .
ئازمان تا ئێستا دوو گۆرانیی ڕاپی بە شێوازی تایبەتی خۆی بە کوردی و ئەڵمانی بەرهەم هێناوە، یەکێکیان هۆنراوەی حەسیب قەرەداخی باپیریەتی و یەکێکیشیان هۆنراوەی ئازا حەسیب قەرەداخیی خاڵیەتی.
ئازمان پێی وایه “ئێمەی مرۆڤ هیواخوازی ئاشتی و ئازادیین، کەوایە با پێکەوە بە ئاشتی بژین”.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *