جۆینی تیلیگرام بن

١٤٥ فیلم لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی نمایش دەکرێن

١٤٥ فیلم لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی نمایش دەکرێن

خولی پێنجەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی لە ڕۆژی ١٧ی ١٢ی ٢٠٢١ دەستپێدەکات و حەوت ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ٣٥ وڵاتی جیهان بەشداریی لە مەراسیمەکەدا دەکەن و ١٤٥ فیلمی جۆراوجۆر کێبڕکێ لەسەر بردنەوەی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵەکە دەکەن.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی ساڵانە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵیش لە پێنجەمین خولدا فێستیڤاڵەکە ڕۆژی ١٧ی ١٢ی ٢٠٢١ لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی بە مەراسیمێک دەستپێدەکات و لە حەوت ڕۆژدا ١٤٥ فیلم نمایشدەکرێن، سیتی سینەماش دەبێتە سەکۆی نمایشکردنی فیلمەکان.

شەهێن سابیر، وتەبێژی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بۆ ٧ ڕۆژ دەڵێت: لەکۆی سێ هەزار فیلم، ١٤٥ فیلمی دەستنیشانکراون بۆ ئەوەی بەشداریی لەم خولەی فێستیڤاڵەکەدا بکەن، جگە لە کوردستان لە ٣٥ وڵاتی جیهانەوە فیلم وەرگیراوە بۆ بەشدارییکردن لە کێبڕکێی فێستیڤاڵەکەدا.

ئەو ١٤٥ فیلمەی بەشداریی لە خولی پێنجەمی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانیی دەکەن، دابەشدەبن بە سەر جۆرەکانی فیچەر فیلم، کورتە فیلم، بەڵگە فیلم، ئەنیمەیشن و فیلمی درێژ، ١٧ خەڵات لە بواری جیاجیای وەک باشترین فیلم، باشترین سیناریۆ، باشترین ئەکتەر، باشترین وێنەگر تەرخانکراون و دەبەخشرێن بە بەرهەمهێنەران و ئەکتەرانی فیلمەکان.

وتەبێژی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی دەڵێت: هەوڵمانداوە باشترین فیلمیستەکان بانگهێشتی فێستیڤاڵەکە بکەین، بەڵام لەئێستادا ناو ئاشکراناکەین و دەمانەویت بیکەینە سوپرایز بۆ ئامادەبووان.

دوو لەو فیملمانەی لە کوردستانەوە بەرهەمهێندراون و ناوەڕۆکەکەیان بریتییە لە تێکۆشانی ئازادییخوازانەی کورد، فیلمەکانی وەرزی تووتڕک لە دەرهێنانی هاشم ئایدەمیر و ژ بۆ ئازادی لە دەرهێنانی ئەرسین چەلیک-ن، کە بەشداریی لەم خولەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانیی دەکەن.

بەپێی کارنامەی فێستیڤاڵەکە، ئەمساڵ دوو پانێڵ لەبارەی پیسبوونی ژینگە و کۆچەوە لە پەراوێزی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانیی نمایشدەکرێن، شەهێن سابیر دەڵێت: یەک لە پانێڵەکان پەیوەندی بە پیسبوونی ژینگەوە هەیە بەدروشمی ‘شێرپەنجەی زەوی’ و لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش قسەی لەسەر دەکرێت، هەروەها سیمینارێکی دیکەشمان لەبارەی کۆچەوە هەیە چونکە کۆچ گەلێک تراژیدیا و لێکەوتەی هەیە و دەیان چیرۆک و خەم و تراژیدیای لێکەوتووەتەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو