لە شاری سلێمانی فێستیڤاڵی کاری دەستیی، بە هەماهەنگیی ژنانی سلێمانی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ڕێوەدەچێت، لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین کاری دەستی لە کەرەستە و پێویستییەکانی ماڵ و جل و بەرگ، هەتا دەگات بە خواردن و خواردنەوەکان، نمایشکرا.
ئەمڕۆ لە کارگەی جگەرەکەی شاری سلێمانی فێستیڤاڵێکی هاوبەش لە نێوان ژنانی دەست ڕەنگینی شاری سلێمانی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرایەوە، کە بڕیارە ١٠ ڕۆژ بەردەوام بێت.لە ڕۆژهەڵات و ئێرانەوە ٢٥ ژن و لە سلێمانیشەوە ٣٠ ژن لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن، بەرهەمەکانیان لە دیزاینی جل وبەرگی کوردی، دروستکردنی بووکەڵە، خواردنە کوردەواریەکان پێکهاتووە.
ژیکاڵ جەلال، سەرپەرشتیاری ژنانی دەست ڕەنگینی سلێمانی بەمیدیای ٧ ڕۆژی ڕاگەیاند، ئەم چالاکییانە وا دەکات دەست ڕەنگینیی ژنان زیاتر ببینرێت، چونکە بەشێکیان بژێویان لە سەر ئەم کارانەیە.
سەرپەرشتیاری ژنانی دەست ڕەنگینی سلێمانی وتیشی: خەڵکێکی زۆر دێنە سەردانی فێستیڤاڵ، بەڵام بە هۆێ قەیرانی دارایەوە کڕیاری بەرهەمەکان وەکو پێویست نیە.
باسی لەوەکرد، بە نیازن لە ئایندە ژنانی دەست رەنگینی سلێمانی ببەنە ئێران و لەوێش بەشداریی چالاکیەکانیان بکەن.
فێستیڤاڵەکە، لە ١٠ی بەیانیەوە بۆ ٩ی شەو کراوە دەبێت، بۆ ماوی ١٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *