جۆینی تیلیگرام بن

مەچکۆ.. جگە لەوەی قاوەخانەیە، بووەتە ڕووگەی گەشتیارانیش

مەچکۆ.. جگە لەوەی قاوەخانەیە، بووەتە ڕووگەی گەشتیارانیش

جیاواز لە چایخانە و قاوەخانەکانی دیکە، قاوەخانەی مەچکۆ ئێستا وەک ئادگارێكی گەشتیاریی هەولێر دەناسرێ، هەر کاتێک کەسێک لە دەرەوەی هەولێر ناوی مەچکۆی گوێ لێ دەبێت، راستەوخۆ قەڵا و ناوبازاڕی هەولێری پایتەختی دێتە بیر، جگە لەوەی کە یەکێکە لە کۆنترین قاوەخانەکانی شارەکە، هەڵکەوتەکەشی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر زیادبوونی ناوبانگەکەی هەبووە، بەو پێیەی لە دامێنی قەڵای هەولێرە و کەوتووەتە ناوەڕاستی بازاڕی گەورەی شارەکە، پێشتر زیاتر وەک شوێن و ناوەندێک بۆ کۆبوونەوەی نووسەر و شاعیر و رۆشنبیر و هونەرمەندانی هەولێر دەناسرا، بەڵام ئێستا وێڕای ئەوە، بووەتە شوێنێکی گەشتیاریی ناسراو و گەشتیارێکی زۆر رۆژانە سەردانی دەکەن.

لەنێو قەیسەرییەوە

قاوەخانەی مەچکۆ لە ساڵی ١٩٤٠ لەلایەن مەجید مەچکۆوە دامەزراوە و لە سەرەتادا شوێنەکەی لە نێو بازاڕی قەیسەریی هەولێر بووە و پاشان گواستراوەتەوە بۆ دامێنی قەڵای هەولێر، پاش کۆچی دوایی مەجید مەچکۆ، تەحسین مەچکۆی کوڕی بەڕێوەی بردووە و ئێستاش لەلایەن موحسین مەچکۆی کوڕی مەجید مەچکۆوە قاوەخانەکە بەڕێوە دەبردرێت.

پێشتر ئەو قاوەخانەیە وەک بنکەیەک بۆ کۆبوونەوەی هونەرمەند و شاعیر و نووسەرانی هەولێر و دەوروبەری دەناسێندرا، ئەوانەی دەچوونە ئەو چایخانەیە زیاتر ئەو كه‌سانه‌ بوون کە سەروکاریان لەگەڵ خوێندنەوە و نووسین هەبوو، زۆر جار لەنێو چایخانەکە گفتوگۆی گەرمی ئەدەبی و هونەری بەڕێوە دەچوو، زۆرینەی جاریش وەک جێژوانێک بۆ دیداری ئەدیب و نووسەر و هونەرمەندانی هەولێر دەناسێندرا.

حەیرانبێژان

موحسین مەچکۆ، کە ئێستا خاوەنی قاوەخانەکەیە و خۆی بەڕێوەی دەبات و زۆرینەی کاتەکان خۆی لە قاوەخانەکە بە (باسنیوز)ی راگەیاند کە ئەو قاوەخانەیە لە ساڵی ١٩٤٠ لەلایەن مام مەچکۆوە دامەزراوە و خۆی خاوەنی بووە، ناوی مەچکۆش لەوەوە هاتووە کە خەڵک لە خۆشەویستییان بەو ناوەوە بانگیان کردووە، دەشڵێ لە سەرەتاکانی دامەزراندنیەوە ئەو چایخانەیە شوێنی کۆبوونەوەی حەیرانبێژ و لاوکبێژەکانی دەڤەرەکە بووە.

شوێنێکی گەشتیاری

هەرچەندە ئێستاش بەشێکی زۆر لە ئەدیب و نووسەر و رۆژنامەنووس و هونەرمەند و رۆشنبیرانی هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان، بە بەردەوامی سەردانی قاوەخانەی مەچکۆ دەکەن، بەڵام وەکوو جاران سیمای شوێندیداری رۆشنبیران بە مەچکۆوە دیار نییە، چونکە رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی دەکەن و چا و قاوەی لێ دەخۆنەوە.

موحسین مەچکۆ لەمبارەیەوە ئاماژەی بە ئەوە دا کە ئێستا جگە لە هاووڵاتیانی شاری هەولێر، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی عەرەب و گەشتیاری دیکەی بیانی سەردانی چایخانەی مەچکۆ دەکەن و وێنەی لێ دەگرن و یادگاریی تێدا تۆمار دەکەن، زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی شاری هەولێر و پاشان ناوبازاڕی هەولێر دەکەن، سەردانی مەچکۆش دەکەن وەک هێمایەکی شارەکە لێی دەڕوانن.

شێوەی چایخانەکە

پێشتر چایخانەکە زیاتر بەشی ناوەوە بووە، بەڵام ئێستا لەبەردەم چایخانەکە دەیان کورسی ریز کراون و خەڵک بەدەم چا و قاوە خواردنەوەوە بەدیار جوانییەکانی بازاڕی قەیسەری و پارکی شار، کە دەکەوێتە بەرامبەر مەکچۆوە دادەنیشن، موحسین مەچکۆ باسی لەوە کرد کە مەچکۆ لە تەمەنی خۆیدا چەند جارێک نۆژەن کراوەتەوە و هەوڵ دراوە سیمایەکی کولتووریی پێ بخەشرێت، ناوەوەی قاوەخانەکە بە خشت هەڵچنراوە و لەسەر شێوازی کۆنی تەلارسازیی هەولێر و کوردستان نۆژەن کراوەتەوە، ئەو کەسانەی لە ژوورەوە بەتایبەت بەشی کۆتایی چایخانەکە زیاتر سەرقاڵی یاریکردنن بە دۆمینە و تاوڵە و لە سەردانیکەرە کۆنەکانی چایخانەکەن و بەشی پێشەوەی چایخانەکەش وەک شوێنی نووسەر و ئەدیب و رۆشنبیران ناسراوە، هەرچی بەشی دەرەوەی چایخانەکەیە شوێنی گەشتیارانە، زیاتر دەیانەوێت دیمەنەکانی نێو بازاڕی شارەکە ببینن.

بەرپرسانی بیانییش سەردانی دەکەن

بەرپرسانی باڵای وڵاتان کاتێک سەردانی هەولێری پایتەخت دەکەن، زۆرینەی جار سەردانی شوێنە مێژووییەکانی شارەکە دەکەن بەتایبەت ئەو بەرپرسانەی بۆ یەکەم جارە دێنە شارەکەوە، چەندین جار پاش سەردانیکردنی قەڵا و ناوبازاڕی شارەکە بەرپرسانی بیانی بە یاوەریی بەرپرسانی کوردستان سەردانی چایخانەی مەچکۆیان کردووە و چا و قاوەیان لێ خواردووەتەوە و وێنەیان تێدا تۆمار کردووە.

لە دیارترین ئەو کەسایەتی و بەرپرسانە، بۆریس جۆنسن سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەڕیتانیا کە ماوەیەک بەرلەوەی ببێت بە سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا، ئەوکات وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا بوو، بە کڵاو و جامانەی کوردییەوە سەردانی قاوەخانەی مەچکۆی کرد و وێنەکانی بەدەم چا خواردنەوەوە دەنگدانەوەی لە میدیاکان لێ کەوتەوە.

وێنەی کەسایەتییە ناسراوەکان

بۆ هەر کەسێک کە دەچێتە ژوورەوە لەنێو قاوەخانەکان یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە دەبێتە جێگەی سەرنجی، بریتییە لە هەڵواسینی وێنەی دەیان کەسایەتیی ناسراو و هونەرمەند و شاعیر و نووسەر و رۆشنبیر و رۆژنامەنووسانی کورد بە گشتی و هەولێر بەتایبەتی بە دیواری ناوەوەی قاوەخانەکەوە، پێشووتر وا باو بوو کە تەنیا وێنەی ئەو کەسایەتییانە هەڵدەواسران کە کۆچی دواییان کردبوو، بەڵام ئێستا وێنەی کەسایەتییە زیندووەکانیش بە دیواری قاوەخانەکەوە هەڵدەواسرێن، ئەمە سەرەڕای نماییشی چەند کەلوپەلێکی کۆن و کولتووری و کەلەپووری بەسەر تاق و شوێنە بەرزەکانی نێو قاوەخانەکە.

No description available.
No description available.
No description available.
No description available.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو