جۆینی تیلیگرام بن

هۆشداریی لەناوچونی کلتورو فەرهەنگی هەورامان دەدرێت

هۆشداریی لەناوچونی کلتورو فەرهەنگی هەورامان دەدرێت

هەورامییەکان کار بۆ پاراستنی کلتوور و زمانیان دەکەن ‌و هۆشدارییش دەدەن لە لەناوچوونی کلتوور و فەرهەنگی ناوچەكەیان.

 لە شارەدێی تەوێڵە لە هەورامان، ڕێکخراوی واران بۆ گەشەپێدانی ڕۆشنبیری و پێکەوەژیان، پێشانگایەکی فۆتۆگرافی لەژێر ناونیشانی (لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا) بۆ فۆتۆگرافەری دیاری پارێزگای هەڵەبجە، نازم مانیا کردەوە.

ئامانجی پێشانگاکەیش، پیشاندانی بیناسازی و کلتووری ناوچەکە بوو لەڕابردوو ‌و ئێستادا لەپێناو نیشاندانی ئەو مەترسیییانەی ئەمڕۆ لەسەر کلتووری ناوچەکە هەن.

نازم مانیا رایگەیاند “ئامانجی ئەم پێشانگایە، بەراوردکارییە لەنێوان وێنە کۆن و نوێکانە لەڕاستیشدا لە کلتووری کۆندا فەرهەنگ و بیناسازیی زۆر پێشکەوتوو بووە، ئێستا باڵەخانەی گەورە کراونەتەوە، بەڵام بەداخەوە سروشت و ژینگەی هەورامانیان تێك داوە “.

وتیشی: “ئامانجمان ئەوەیە، خەڵک بزانێت بیناسازی و کلتوور و فەرهەنگی جاران، چێژێکی تایبەتی هەبووە، ئێستا پێشکەوتن کاریگەریی بەسەر هەورامانەوە هەیە و خەریکە فەرهەنگ و کلتووری هەورامان لەناو دەچێت “.

نازم پێشی وایە: “خەڵک هۆشیاریان نییە کە جارێکی تر سروشتمان بنیات بنایەتەوە لەڕێگەی بەردەوە ‌و بەداخەوە حکومەت و لایەنی پەیوەندیداریش، نەیانتوانیوە ڕێگە بگرن لە لەناوچوونی ئەم فەرهەنگ و کلتوورە”.

ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەیش كرد: “مایەی خۆشحاڵییە کە هەورامانی ڕۆژهەڵات چووەتە نێو شوێنەوارەکانی جیهانەوە و ئومێد دەکەین بتوانین هەورامانی باشووریش بگات بەو ئاستە” ‌و پێشی وایە: کلتووری بیانی کلتووری هەورامانی شێواندووە و ڕەخنەیش لە ئەندازیاران دەگرێت بەوەی، لەبری دیزاینی ڕەسەنی هەورامان، دیزاینی بیانی بەکار دەهێنن.

لای خۆشییەوە هەڵاڵە شەوکەت لهۆنی، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی واران وتی: “ئامانجمان لەم پێشانگایە، پیشاندانی ڕابردووی تەوێڵە بووە لەگەڵ ئێستایدا، ئەگەر سەیر بکەین دەبینین، جیاوازییەکی گەورە هەیە ‌و شێوەی وەک خۆی نەماوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە کە کلتوور و فەرهەنگی بەتەواوی تێک چووە”.

باسی لەوەیش كرد: هەڵمەتێکیان دەس پێکردووە بۆ ڕاگرتنی هەر كارێك زیانی بۆ كەلتووری ناوچەكە هەبێت ‌و داوایشی لە  هاوڵاتییان كرد، خەمخۆر بن بۆ ئەو بوارە.

هیوایشی خواست، هاوشێوەی هەورامانی ڕۆژهەڵات، چۆن ئەوان ئێستایش بیناسازیی ڕەسەنی هەورامان بەکار دەهێننەوە، لێرەیش هەمان کار بکرێت بۆ پاراستنی بیناسازیی ناوچەکە کە بەشێکە لە کلتووری هەورامان.

هەروەها مامۆستا حامید عومەر، ماوەی ٦٠ساڵ مامۆستا بوە لە هەورامان، وتی: کلتووری بیانی بەجۆرێ کاریگەریی هەبوە، ئێستا سەدا ٩٠خانووەکانی تەوێڵە لەسەر شێوازی بیانی دروست کراون، بەرد و چنار و دیمەکی گوێز بەکار ناهێنرێت لە دروستکردنی خانوودا، لەبەرئەوە دیمەنە ڕەسەن و ئەسڵێەکەی تەوێڵە تێکچووە.

تەوێڵە مەڵبەندی شارستانی و ڕۆشنبیری بووە، مزگەوتی تەوێڵە ئەزهەری کوردستان بووە، بەڵام ئێستا هیچ شتێک نەماوە، هۆکاریشی ئەوەیە خێزانەکان بەرەو شارستانیی نوێ دەڕۆن و چاولێگەرییش كاریگەریی زۆری هەبووە.

بڕیار وایە بۆ هەمان مەبەست ‌و لە هەفتەی داهاتوودا، چەند ڕێکارێکی کرداری لەسەر ئەو بابەتە بچنە بواری جێبەجێکردنەوە لە هەورامان.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو