جۆینی تیلیگرام بن

ماڵی کەریم ئاغای هەمەوەند..مۆزەخانە تاقانەکەی چەمچەماڵ

ماڵی کەریم ئاغای هەمەوەند..مۆزەخانە تاقانەکەی چەمچەماڵ

لەدوای کۆچی دوایی خۆی، ماڵەکەی کەریم ئاغای هەمەوەند کرا بە مۆزەخانە، بەمەش لەلایەک ڕێز لەو ماندووبوونەی کەریم خان گیرا، کە ساڵانێک زۆر سەرقاڵی کۆکردنەوەی کەلوپەلی مێژوویی و کلتوریی بوو، لەلایەکی دیکەش خزمەت بە خەڵکی چەمچەماڵ و مێژوو و کلتوری کوردیی کرا.

کەریم ئاغای هەمەوەند، کەسایەتیی ناوداری عەشیرەتی هەمەوەند و باشووری کوردستان، لەدوای کۆچی دوایی خۆی، ماڵەکەی لەلایەن خانەوادەکەیەوە کرا بە مۆزەخانە.    

ماڵەکەی کەریم ئاغا، بینایەکی ٣٥٠ مەترییە و لە دوو نهۆم پێکهاتووە، نهۆمێکی کراوە بە کتێبخانە و نهۆمەکەی دیکەش کراوە بە مۆزەخانە، جگە لە کەلوپەلە تایبەتییەکانی کەریم ئاغا، چەندین پارچە کەلوپەلی مێژوویی و کلتوریی، تێدا کۆکراوەتەوە.

ماڵەکەی کەریم ئاغا، دەکەوێتە گەڕەکی هەمەوەندییەکان، لەناو جەرگەی شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، وەک مەریوان کەریم ئاغا، باسی دەکات، بیرۆکەی دروستبوونەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوای کۆچی دوایی باوکی لە ساڵی ٢٠١٥، دواجار لە بەرواری ١٧ ی نیسانی ٢٠١٦، مۆزەخانەکە کرایەوە.

کەریم ئاغا، خۆی خولیای بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی کەلوپەلە مێژووییەکان هەبووە، بەتایبەت دوای ساڵی ١٩٥٧، ئەوکاتەی لێکۆڵەری بەریتانیی ‘مستەر ڕۆبن’ چووەتە گوندی چەرمۆ بۆ کاری کنە و پشکنین.

تا ساڵی ١٩٩١، کەریم ئاغا، ژمارەیەکی زۆر لە کەلوپەلی مێژوویی کۆدەکاتەوە، بەشێک لە شوێنەوارەکانیش، لەلایەن خزمان و دۆستانەوە پیشکەشی کراون، بەڵام لە کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١، لەلایەن سەربازانی ڕژێمی بەعسەوە، لەناوبران.

مەریوان کەریم ئاغا دەڵێت: دووبارە باوکم هەستا بە کۆکردنەوەی کەلوپەلە مێژووییەکان، هەربۆیە دوای کۆچی دوایی باوکم، ئێمەش بڕیارماندا، هەر لە امڵەکەی خۆیدا بیانپارێزین.

لەناو مۆزەخانەکەدا، دوو کوپەڵەی تێدایە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا، کە لە گوندەکانی سنووری چەمچەماڵ دۆزراونەتەوە، ئەمە جگە لە تفەنگ و بڕنەو و چەندین پارچە شوێنەوار.

مۆزەخانەی کەریم ئاغای هەمەوەند، لەژێر چاودێریی مۆزەخانەی سلێمانییدایە، جگە لە خوێندکاران و خەڵکی ناوچەکە،  چەندین ڕێکخراوی بیانیی و کونسوڵگەرییەکان، سەردانی دەکەن.

مەریوان کەریم ئاغا دەڵێت:”پێمان خۆشە تەواوی خوێندکاران بێن سەردانی مۆزەخانەکە بکەن و ئاشنابن بە شوێنەواری چەمچەماڵ، جگە لە مۆزەخانەکە، کتێبخانەیەکی گەورە کە پێکهاتوە لە چەندین بەش و نزیکەی ٢ بۆ ٣ هەزار سەرچاوە لە ماڵەکەی کەریم ئاغا بونی هەیە و لە خزمەتی خوێنەردایە”.

چەمچەماڵ یەکێکە لە ناوچە دێرینەکانى هەرێمى کوردستان، گوندى چەرمو، کە شوێنەوارێکى مێژووییە دەکەوێتە ئەم سنورە و ١١ کیلۆمه‌تر له‌چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌ دووره‌ و که‌وتووەتە ڕۆژهه‌ڵاتى شارۆچکەکەوە، به‌پێى ئه‌و کنه‌ و پشکنینانه‌ى له ‌ساڵانى ١٩٤٨ بۆ ١٩٥٥ له‌لایه‌ن زانکۆى شیکاگۆى ئه‌مریکییه‌وه‌ بۆى کراوه‌ مێژووه‌که‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نۆ هه‌زارساڵ پێش ئێستا و یه‌که‌مین گوندبووه‌ مرۆڤ تیایدا ده‌ستى به‌کشتوکاڵکردن کردووه ‌و نیشته‌جێبووه.

چەمچەماڵ، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دانیشتوانی هەیە، لەگەڵ بوونی زیاتر لە ٢٥٠ شوێنەواری مێژویی.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو