ڕۆژی یەکەمی کۆنسێرتی (هانایەک بۆ هیوا) بە ئامادەبوونی سەدان کەس بەڕێوەچوو كە لەلایەن گرووپی میوزیکی (قەڵای شێروانە)وە چەندین بەرهەمی ڕەسەنی کوردی پێشکەش کران.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی هونەر لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، یەکەم ڕۆژی کۆنسێرتی (هانایەک بۆ هیوا)ی گرووپی میوزیکی (قەڵای شێروانە)، بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆنسێرتەکەدا، دۆکیۆمێنتارییەک دەربارەی ئامانج و پەیامی گرووپی هونەری قەڵای شێروانە و بارودۆخی تووشبوانی شێرپەنجە لەناو نەخۆشخانەی هیوادا، پێشکەشی ئامادەبوان کرا.
دواتر تووشبوویەکی شێرپەنجە لە گەرمیان بە ناوی شڤان لوقمان، بە ناوی تووشبوانی شێرپەنجەوە، ستایشی گرووپەکە و سوپاسی ئامادەبوانی کرد و وتی: “ئەم کۆنسێرتە نووسینەوەی مێژوویەکی نوێیە، هیوادارین ئەم چالاکییانە ببێتە کلتور هەر کەس و لایەنێک لە بوارەکەی خۆیدا خزمەتی مرۆیی بکات، بەهەموومانەوە هەوڵ بدەین هیوا دانەخرێت و تووشبوانی شێرپەنجە بێهیوا نەبن”.
دواتر لەلایەن گرووپی هونەری (قەڵای شێروانە)وە چەند پارچە گۆرانی و میوزیکێکی ڕەسەنی کوردی پێشکەشی ئامادەبوان کران.

لە کۆتایی کۆنسێرتەکەیشدا، محەمەد گەرمیانی، سەرپەرشتیاری گرووپی هونەری قەڵای شێروانە و خاوەنی بیرۆکەی کۆنسێرتەکە، وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: “کاتێک ئەم دیمەنەمان بینی، هەستمان کرد کە بەتەنها نین، لێرە بینیمان کە خەڵکی گەرمیان چەند هۆشیارن، ئەرکی ئێمە وەک هونەرمەند ئەوەیە ئەو شتانە بکەین کە نایەتە سەر زمان و بە ئاخاوتن ناکرێت”.
هەروەها بانگەوازیی لە هاوڵاتییان کرد کە بەهەمان گڕوتینی ئەمڕۆوە، سبەنێش لەهەمان هۆڵ و لەهەمان کات ئامادەی ڕۆژی دووەمی کۆنسێرتەکە بن.
سبەینێ ڕۆژی شەممە، ڕۆژی دووەمی کۆنسێرتی (هانەیەک بۆ هیوا ) لە هۆڵی هونەر لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە بەڕێوەدەچێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *