49 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی حەسەن زیرەک، ئەستێری ئاسمانی مۆسیقای کوردیدا تێدەپەڕێت و هێشتا دەنگی لە کوردستان زایەڵەی دێت. بەشێک لە پسپۆڕانی بواری مۆسیقا، هێشتاش بە لێهاتووترین گۆرانیبێژی دەزانن کە دوای نیوسەدە، دەنگی هێشتا کپ نەبووە.
حەسەن زیرەک هونەرمەندێکە بە دەیان چیرۆک و بەسەرهاتی سەیروسەمەر لە هەوراز و نشێوی ژیانی روویانداوە، هێشتاش کەسانێک ماون، چیرۆکی جیاوازی لێبگێڕنەوە.
رەحمان تەقیزادە نزیکەی 85 ساڵ پێش ئێستا لە گوندی نەڵیوانی سەر بە شاری شنۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک دەبێت و لە سەردەمی گەنجیدا لە رێگەی رادیۆوە، لەگەڵ هونەرمەندانی کورد، بە تایبەت حەسەن زیرەک ئاشنا دەبێت و بینین و نزیکبوونەوە لەو هونەرمەندە دەبێتە خولیایەکی گەورەی.
رەحمان تەقیزادە دەڵێت، هێندە بە دەنگی سەرسام بووە، هەر بە مامۆستا ناوی دەهێنێت.
تەقیزادە 64 پێش ئێستا تەنیا بۆ حەز و خولیای خۆی دەست بە تۆمارکردنی دەنگی هونەرمەندانی ئەو سەردەمەی کورد لە رادیۆکان دەکات و ئێستا یەک لە گەورەترین ئەرشیڤەکانی هونەرمەندان، بە هی خۆی دەزانێت.
ئەمە دیمەنێکە لە ئەرشیڤە گەورەکەی تەقیزادە کە لە کۆنترین ئامێرەکانی دەنگ و رەنگەوە تێیدا دەستدەکەوێت، تا دەگاتە ئامێرە مودێرنەکان. بەهۆی نزیکبوونی لە حەسەن زیرەک، بەشێکی زۆری ژیانی ئەو هونەرمەندەی لە نزیکەوە بینیوە و لە توێی کتێبێکدا بۆ هەوادارانی حەسەن زیرەکی گێڕاوەتەوە.
حەسەن عەبدوڵڵا، ناسراو بە حەسەن زیرەک، لە ساڵی 1921 لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، خاوەنی زیاتر لە 1000 گۆرانیی تۆمارکراوە، لە 26-06-1972 ئەو کاتەی تەمەنی 51 ساڵ بوو، بە نەخۆشییەکی کوشندە کۆچی دواییکرد. تاوەکو ئێستاش بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی گۆرانیی کوردی دادەنرێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *