جۆینی تیلیگرام بن

ئەربیل ئولا، قوتابخانە دێرینەکەی هەولێر و مۆزەخانەی ئەمڕۆ

ئەربیل ئولا، قوتابخانە دێرینەکەی هەولێر و مۆزەخانەی ئەمڕۆ

قوتابخانەیەك لە شاری هەولێر، كە خوێندن و نووسینی زۆربەی خەڵكی هەولێر بۆ بوونی ئەو قوتابخانەیە دەگەڕێتەوە، ئەویش قوتابخانەیەی ‘ئەربیل ئولایە’، كۆنترین قوتابخانەی هەولێرە، لەساڵی ١٩٢٨ درووستكراوە، ئێستا ئەم قوتابخانەیە كراوەتە مۆزەخانە و ئەرشیڤی سەد ساڵەی قوتابخانەكەی تێدا نمایشكراوە.

دوای درووستبوونی دەوڵەتی عێراق، یەكەمین قوتابخانەی فەرمی لە هەولێر درووستدەكرێت، ئەوكات كچان و كوڕانی كورد و پێكهاتە جیاوازەكانی باشووری كوردستان پێكەوە بەشداریان لە پرۆسەی خوێندندا كردووە، قوتابخانەی یەكەمی هەولێر یاخود بەناوەكەی خۆی ئەربیل ئولا تەنها قوتابخانەیەك نەبووە لەگەڵ خۆیدا دەستپێكی پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی خستبێتە سەرپێ، بەڵكو ناوەندێكیش بووە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی خوێندەوار و چەندین مامۆستا.

قوتابخانەكە لە ساڵی ١٩٢٨ دروستكراوە، هەشت ساڵ پێش ئەو بەروارە قوتابخانەی دیکە هەبووە، بەڵام لەشوێنێكی دیکە بووە و خوێندنی ئاینی و قوتابخانەی نافەرمی لەسەر قەڵات هەبوون، بەڵام دواتر بەفەرمی قوتابخانەی ئەربیل ئولا دروستكراو تەمەنی قوتابخانەكە نزیكە لە ١٠٠ ساڵ، لە ساڵی ٢٠١٢ کراوەتە  مۆزەخانە و ئەرشیڤی پەروەردەیی هەولێر.

لەم مۆزەخانەیەدا هەر ژوورێكی تایبەتكراوە بە كەسایەتییەكی ناودار كە خزمەتی ڕەوتی پەروەردە و ئاستی ڕۆشنبیری ئەم شارەی كردووە، یەكەمین بەڕێوەبەری خوێندگاکە ناوی ئەحمەد ناجی بووە و ئێستا زۆرێك لە یاداگاریەكانی لەم مۆزەخانەیەدا هەڵگیراون.

شێرزاد ڕەسوڵ بەرپرسی ڕاگەیاندنی مۆزەخانە و ئەرشیڤی پەروەردەیی هەولێر، سەبارەت بە قوتابخانەی ئەربیل ئولا دەڵێت: قوتابخانەكە هەموو پێكهاتەكانی لە خۆگرتبوو، کورد، توركمان و عەرەب و جولەكەكانیش لەوێ خوێندویانە، ساڵی ٢٠٠٥ خوێندی تیادا ڕاگیراوە، ئەمەش دوای ئەوەی گەڕەكەكانی تەعجیل و عارەبان و سەعدوناوە بەرەو چۆڵ بوون چوون و كەوتنە دەرەوەی بازنەی ٣٠ مەتری شاری هەولێر.

ئەربیل ئولا لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق یەكەمین مۆزەخانەی پەروەردەییە دامەزرابێت، لە  ١٤ هۆڵ پێكهاتووە، هەر هۆڵێك كراوە بەناوی كەسایەتییەكی دیاری هەولێر و مامۆستایانی ئەم قوتابخانەیەوە، جۆرەها ئەرشیڤ و یادگاری مامۆستایان و پەروەردەی هەولێری تیادا هەڵگیراوە.

ڕۆژانە چەندین کەسی ناوخۆ و بیانی بە كونسوڵی وڵاتانیشەوە سەردانی مۆزەخانەكەیان كردووە.

شێرزاد ڕەسوڵ، ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی پڕی هۆڵەکانەوە، جێگایان کەمە و بەرنامەیان هەیە دوو خوێندنگای دیکە بکەنە پاشکۆی مۆزەخانەکە.

مامۆستا عومەر فەرهادی كە یەكێكە لە كۆنترین ڕۆژنامەنووسەكانیش لە شاری هەولێر، تەمەنی هەڵكشاوە و بە هیلاكی و نەخۆشییەوە چەند وشەیەكی كەمی بۆ ڕۆژنیوز وت: هەست بە شانازییەكی زۆر دەكەم كە سەردەمانێك خوێندكاری ئەو قوتابخانەیە بووم و خۆم بە شەرمەزار دەزانم لەئاست ئەو مامۆستایانەی لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا وانەیان پێ وتووم.

م.عومەر باسی لەوەکرد، کە ئەربیل ئولا مامۆستای ژنیش هەبووە، وتیشی: قوتابخانە سەرچاوەی پێشكەوتنی ژیان و زانستە، هەرچەند قوتابخانە زۆربێت كۆمەڵگا زیاتر گەشە دەكات، بەتایبەت لەڕووی زانست و ئەدەبەوە.

قوتابخانەی ئەربیل ئولا دەكەوێتە خواری قەڵای هەولێرەوە، لەبەرامبەر بازاڕی نیشتیمان و تەنیشت بازاڕی قەیسەری، بەشێوەیەكی جوان و ڕێك نۆژەنكراوەتەوە و هەموو ڕۆژێكی هەفتە لە كاتی دەوامی ئاسایی كراوەتەوە، هاوڵاتیان و گەشتیاران و ئەدیب و نووسەرو ڕۆشنبیران سەردانی دەكەن.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو