هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی سلێمانی و گەرمیان حەوتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی کورد عەباسی کەمەندییان کردەوە، بە وتنەوەی گۆرانی و ژەنینی ئاوازەکانی خۆی.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەریەک لە ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەریی لە شاری سلێمانی و گرووپی هونەری نەغمەی دەشت لەشارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بە مەراسیمی هونەری حەوتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گۆرانیبێژ، عەباسی کەمەندییان بەرزڕاگرت.
مەراسیمەکەی شاری سلێمانی لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە ئەنجامدرا و تێیدا، سەرەتا وتاری ڕێکخراوی نوێگەر لەلایەن ڕوبار ئەحمەد، ئەندامی ڕێکخراوەکە خوێندرایەوە و تێیدا ئاماژە بەوەکرا، کە عەباسی کەمەندیی پێشەنگی هونەری کوردیی بووە و خزمەتێکی گەورەی بە هونەر کردووە و دەبێت پارێزگاریی لە یاد و ڕێبازەکەی بکرێت.
هەر لە مەراسیمەکەدا هونەرمەندی موزیسیان محەمەد جەلیل عندەلیبی، کە کاری موزیکی بۆ کۆتا بەرهەمی عەباسی کەمەندیی کردووە، لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەکرد: عەباسی کەمەندی تاکە هونەرمەندبووە کە تێکەڵەیەکی لە هەموو هونەرە جیاجیاکان دروستکردبوو کە کەم کەس توانای ئەوەی هەیە.
هەر لە مەراسیمەکەدا جگە لە نیشاندانی سینەفزیۆنێک لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی کەمەندیی، لەلایەن هەردوو هونەرمەندان مستەفا مۆفەق و شنیار نەجیب چەند بەرهەمێکی هونەرمەندی کۆچکردوو پێشکەشکران.
هەروەها لە مەراسیمەکەی گەرمیاندا کە لە هۆڵی هونەر لە شارۆچکەی کەلار بەڕێوەچوو تێیدا وێڕای نیشاندانی سینەفزیۆنێک لەڕێگای داتاشۆوە دەربارەی ژیان و هونەرە نەمرەکەی کەمەندی، لەلایەن گرووپی هونەری نەغمەی دەشتەوە چەند پارچە موزیک و گۆرانییەکی کۆچکردوو پێشکەشکران.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *