مامۆستا شێخ محه‌مه‌دی خاڵ كوڕی شێخ عه‌لی كوڕی شێخ ئه‌مینی خاڵه، كه به‌پێنج پشت ده‌گاته‌وه به مه‌لا مسته‌فای موفتی بابانه‌كان، مه‌لا مسته‌فای باپیره گه‌وره‌ی شێخ محه‌مه‌دی خاڵ پاش گواستنه‌وه‌ی میرنیشنی بابان له قه‌لاچوالانه‌وه بۆ سلێمانی، ساڵی 1784 له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌ستنووسه‌كانی هێناوه، ئه‌و ده‌ستنووسانه له باپیره گه‌وره‌یه‌وه، كه “مه‌لا ئه‌بوبه‌كری موسه‌نیفه” بۆی ماوه‌ته‌وه، ئێستا مێژووی به‌شێك له ده‌ستنووسه‌كانی شێخی خاڵ، كه نزیكه‌ی 636 ده‌سنووسه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چوارسه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر.
مامۆستا خاڵ له ساڵی 1904 له‌شاری سلێمانی له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئایینی ناوداری كوردستان له‌دایكبووه، دوای ئەوەی باوكی به‌نه‌خۆشی كۆچی دوایی ده‌كات، باپیری “حاجی شێخ ئه‌مینی خاڵ”، كه پیاوێكی ناوداری خواپه‌رست بووه، خاڵ و هه‌ر چوار براكه‌ی به‌خێو كردووه، سه‌ره‌تای خوێندنی لای باپیری بووه و له قوتابخانه‌ی باپیریدا به‌ڕاستگۆیی و ده‌ستپاكی و خواپه‌رستی و ڕازیبوون و دووركه‌وتنه‌وه له هه‌ڵپه‌ی جیهان په‌روه‌رده بووه.
مامۆستای خاڵ هه‌ر له منداڵییه‌وه ئه‌وینی خوێندن و نووسین و خولیای په‌رتووك و ده‌ستنووس بووه، به‌شی زۆری خوێندنی لای مامۆستا شێخ عومه‌ری قه‌ره‌داغی بووه، كه زانایه‌كی ئایینی به‌ناوبانگ بوو، نه‌ك هه‌ر له كوردستاندا، به‌ڵكو له‌ناو زانا ئایینیه عه‌ره‌به‌كانی عێراقیشدا، به‌شێكیش له خوێندنی لای مه‌لا حوسێنی پیسكه‌ندی و شێخ جه‌لالی قه‌ره‌داغی بووه.
له‌ساڵی 1931 باپیری كۆچی دوای ده‌كات، ئه‌حمه‌د به‌گی تۆفیق به‌گ له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌ڕێكاری سولێمانی بووه، ئاهه‌نگێكی گه‌وره له مزگه‌وتی حاجی شێخ ئه‌مینی خاڵ ساز ده‌كات، كه زۆربه‌ی پیاو ماقووڵانی سلێمانی بانگهێشت ده‌كرێن و هه‌ر له‌م ئاهه‌نگه‌دا به‌فه‌رمانی فه‌ڕمیی شێخ خاڵ ده‌كرێت به پێشنوێژ و وانه‌بێژی مزگه‌وته‌كه‌ی باپیری.
له كۆتایی ساڵی 1931 تا كۆتای ساڵی 1938 بهوانهوتنهوه و پڕۆژه‌ی دانانی فه‌رهه‌نگی خاڵ و ڕێزمانی كوردی و چه‌ند په‌رتووكێكی ئایینی وه‌ك “فه‌لسه‌فه‌ی ئایینی ئیسلام و ژیانی پێغه‌مبه‌ر”ه‌وه سه‌رقاڵ ده‌بێت.
هه‌ر له‌م ماوه كورته‌دا دوو په‌رتووك به‌چاپ ده‌گه‌ێنێت، پاشان له‌ساڵی 1939 له‌لایه‌ن شالیارێتی داده‌وه بانگه‌واز ده‌كرێت بۆ پێویستی چه‌ند قازییه‌ك، ئه‌ویش به‌شێوه‌ی تاقیكردنه‌وه.
شێخ خاڵ یه‌كێك ده‌بێت له‌وانه‌ی تاقیكردنه‌وه ئه‌نجامده‌دات و پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ست دێنێت، به‌فه‌رمانی پادشایه‌تی ده‌كرێت به قازی و له هه‌ڵه‌بجه داده‌مه‌زرێت، ئیتر ناچار ده‌بێت دووربكه‌وێته له‌وانه وتنه‌وه، له ژیانی فه‌رمانبه‌رێتیدا یه‌كێك بووه له قازییه ناوداره شاره‌زاكانی عێراق و له ماوه‌ی 28 ساڵ كار وه‌ك قازی له “چه‌مچه‌ماڵ و سلێمانی و كه‌ركووك و مووسڵ” ئه‌نجامداوه.
له‌ساڵی 1962دا له‌ناو هه‌موو قازییهكانی عێراقدا هه‌ڵبژێراوه به ئه‌ندامی دادگای جیاكردنه‌وه‌ی شه‌رعی له به‌غدا، له‌م ماوه زۆره‌دا جێ په‌نجه‌ی له شالیارێتی داددا دیار و ناسراو بووه، به‌وه‌ی كه به‌هیچ جۆرێك له‌یاسا و شه‌ریعه‌ت لاینه‌داوه، هه‌رچه‌نده چه‌ند جارێك له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی زۆر گه‌وره‌وه فشاریان خستۆته سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌یاسا لابدات، به‌ڵام بێ سوود بووه.
شێخی خاڵ له‌به‌رئه‌وه‌ی نووسه‌رێكی خاوه‌ن بیرولێهاتوو بووه، خاوه‌نی به‌رهه‌می زۆر و به‌كه‌ڵك بووه، بۆیه یه‌كێكه له‌و كورده زۆرده‌گمه‌نانه‌ی كه له زۆر زووه‌وه بووه به ئه‌ندام له كۆڕی زانیاری عێراقدا، ته‌نها خوالێخۆشبوو “تۆفیق وه‌هبی به‌گ” له‌پێش ئه‌وه‌وه‌یه له‌مبواره‌دا، شێخی خاڵ له‌ساڵی 1953وه ئه‌ندامی كۆڕی زانیاری عێراق بووه و له ساڵی 1972ه‌وه جێگری سه‌رۆكی كۆڕی زانیاری كوردیش بووه، جێ په‌نجه‌ی زۆر دیاره له هه‌ردوو كۆڕه‌كه‌دا، به‌رهه‌مه‌كانی باشترین به‌ڵگه‌ن له‌م ڕووه‌وه و توانیوه‌تی خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات له بواری ڕۆشنبیریدا و له‌ڕێی هه‌ردوو كۆڕی زانیارییه‌وه ناوی گه‌وره پیاوانی كورد بگه‌یه‌نێ به‌جیهان، وه‌ك “موفتی زه‌هاوی”، كه باویكی شاعیری گه‌وره‌ی به‌ناوبانگ “جه‌میل سدیق زه‌هاوی”یه، هه‌روه‌ها “بێتوش”، “شێخ ئه‌حمه‌د فائیز به‌رزنجی”، “بابهتایهری هه‌مه‌دانی”، “مه‌لا محه‌مه‌دی خاكی” و چه‌ندین زانای دیكه‌ی ناودار.
مامۆستای خاڵ كه‌سایه‌تیه‌كی كۆمه‌ڵاتی ڕه‌وشت جوان و زمانپاك و دڵفراوان و مێشك كراوه‌و له‌سه‌رخۆ بووه و تاڕاده‌ی خواپه‌رستی باوه‌ڕی به‌ڕاستگۆیی و لێبووردن و ڕێزگرتن له ماف و دادوه‌ری هه‌بوو، له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو، كه كوردایه‌تی خواپه‌رستییه، بۆیه له‌ناخی ده‌روونییه‌وه دژی هه‌موو جه‌ور و سته‌مێك بوو، كه له نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كرا.
یه‌كه‌م وتاری كه گۆڤاری گه‌لاوێژدا له كانوونی دووه‌می 1940دا له‌ژێرناونیشانی “خۆشه‌ویستی نیشتمان” دایه كه‌سانی تر، ئه‌گه‌ر ته‌نیا هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی هاندهربوایه بۆ به‌ربه‌ره‌كانی ئه‌و ڕژێمانه‌ی كه به‌رده‌وامبوون له كاولكردنی كوردستان و زه‌وتكردنی خاكی كوردستان، مامۆستا شێخ محه‌مه‌دی خاڵ له‌گه‌ڵ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیدا هه‌ستی ئایینیش ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له زیادكردنی گڕ و بڵێسه‌ی تۆڵه‌سه‌ندن تێیدا به‌رامبه‌ر به دوژمنانی كورد و كوردستان، و له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو، كه ده‌بێت ئایین ئاوێته‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌ویه‌تی بێت و خه‌باتی نیشتمانیش پێویستیه‌كی ئایینی بێت.
شێخ محه‌مه‌د خاڵ ڕۆژانه 10 كاژمێر به‌نووسین و خوێندنه‌وه‌وه سه‌رقاڵ ده‌بوو، له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆگرامه‌ش تامردن هه‌ر به‌رده‌وام بوو، سه‌ره‌تای خوێندنه‌وه‌ی له دهمهوبهیانیهكی زووه‌وه تا نزیكی نیوه‌ڕۆ، كه ده‌یكرده نزیكه‌ی 6 كاژمێر له‌جیهانی په‌ڕتووك و ده‌ستنووسدا و دوانیوه‌ڕوانیش پێش ئه‌وه‌ی بڕوات بۆ مزگه‌وت 3 كاژمێر له خوێندنه‌وه و پێداچوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌رتووكانه‌ی، كه له‌ژێر چاپدابوون و ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانیان، شه‌وانه‌ش پێش نووستن ماوه‌ی كاژمێرێك به خوێندنه‌وه‌وه خه‌ریك ده‌بوو، له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكانه‌وه ته‌نها یه‌ك چاوی مابوو و به‌رده‌وام زه‌ڕه‌بینی به‌كارده‌هێنا بۆ خوێندنه‌وه و هه‌ندێك جار پێیان ده‌گوت: “كه‌وتویته‌ته ته‌مه‌نه‌وه و ئیتر ئه‌وه‌نده خۆت ماندوومه‌كه” له وڵامدا ده‌یگوت: “ته‌ندروستیم به‌نده به‌خوێندنه‌وه و نووسینه‌وه، ئه‌گه‌ر دوورم بخه‌نه‌وه لێی، نه‌ك هه‌ر ته‌ندرووستم خراپ ده‌بێت، به‌ڵكو له‌وانه‌شه بمرم، من وه‌ك ماسی چۆن، كه له ئاو ده‌رت هێنا ده‌مرێت، منیش گه‌ر دوورم بخه‌نه‌وه له په‌رتووك و نووسین ئه‌وا ده‌بێ ماڵئاواییتان لێبكه‌م، بۆ نیوه چاوهكهشم، تو خوا چاوێك له‌م ڕێگایه‌دا كوێر نه‌بێت بۆچی باشه؟”
مامۆستای خاڵ له ڕۆژی 1989.07.15دا ماڵئاوایی له جیهانی زانست و زانیاری كرد و به‌ره و جیهانی كۆتایی كه‌وته‌ڕێ، مامۆستا شێخ محه‌مه‌دی خاڵ له دوای خۆی 40 په‌رتووكی له‌چاپدراوی به‌جێهێشتووه، كه زانسته‌كانی “لێكدانه‌وه، زمانه‌وانی، وێژه‌یی، بانگخوازی، مێژوویی،….هتد” له خۆی ده‌گرێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *