جۆینی تیلیگرام بن

نەجمەدین مەلا، لەکەشتی نوحەوە تا چیای ئەزمڕ

نەجمەدین مەلا، لەکەشتی نوحەوە تا چیای ئەزمڕ

نەجمەدین مەلا (1898-1962)

ئا: ساڵح بێچار
مامۆستای ناودار و ناسراو «نەجمەدین مەلا»، کوڕی مەلا غەفوری مەلا عەلی مەلا ئیبراھیمە، باپیرە گەورەی لە کاتی دروستکردنی شاری سلێمانی و فەرمانڕەوایی بابانییەکاندا لەسەر خواستی «ئیبراھیم پاشا» لە قەڵاچوالانەوە ھاتووەتە سلێمانی و بووە بە مامۆستا لە مزگەوتێکدا.

پاش جێگیربوونی ئەم بنەماڵەیە لە سلێمانی، ساڵی 1898 نەجمەدین مەلا لەدایکبووە کە ڕێکەوتی ساڵی ڕشانەوەکە بووە، ئەو ڕۆژگارە ڕەشەی بووەتە ھۆی مردنی زیاتر لە ھەزارەھا خەڵکی هەژار و ڕەشوڕووتی ئەم ناوچەیە، سەرەڕای دەربەدەرکردنی دانیشتووان بەرەو دێهاتەکان، ھەر ئەمەش مەلا غەفوری ناچارکردووە کە خۆی و خێزانی ڕووبکەنە دێی (ڕەشەکانی) لە شارباژێڕ.
نەجمەدین مەلا، خوێندنی لەلای «حاجی مستەفای قازی» هاوکات لەلای باوکی و پاشان لە سلێمانی و لە ساڵی 1912 لەو قوتابخانەیەدا خوێندویەتی کە «سەفوەت بەگی تورک» کردبوویەوە لە سلێمانی و بە پلەی یەکەم دەرچووە.
مامۆستا نەجمەدین مەلا حەزی لە ژیانی مووچەخۆری نەکردووە بۆیە ماوەیەک بە بێ ئیش ‌و ماوەیەکیش بە ڕەنجی شان تەمەنی ھەرزەکاری بەسەربردووە.
مامۆستا لە سلێمانی حوجرەیەکی لە شێوەی خوێندنگەیەکی تایبەتیدا کردووەتەوە بۆ فێرکردنی خوێندەواری، هەر لەو حوجرەیەشدا کە ناوی نابوو (قوتابخانەی کەشتیی نوح) کتێبخانەیەکیشی دامەزراندبوو، کە کتێب و ڕۆژنامە ‌و هەموو بڵاوکراوەکانی ئەو سەردەمەی تێدا دەفرۆشت.

مامۆستا نەجمەدین مەلا لەو قوتابخانەیەدا نزیکەی حەوت ھەزار کەسی لە تەمەنە جیاوازەکان لە نەخوێندەواریی ڕزگار کرد و ژمارەیەکی دیکەشی فێری زمانی فارسی کرد.
نەجمەدین مەلا ھەروەکو زۆر لە ڕۆشنبیران و ئەدیبان بەر لافاوی نەھامەتی ڕۆژگار و کارەساتی جەرگبڕ کەوتووە، لە ھێرشی تورکە عوسمانییەکاندا بۆ سەر کوردستان، «عەبدولمەجید»ی برای کە زۆر زانا و زیرەک بووە، تورکەکان لەگەڵ قوتابی و فەقێیەکی تر گرتیانن و ڕەوانەی شاری (حەڵەب)یان کردن، باوکیشی ھەر بەو داخەوە لە ساڵی 1915 دا سەرینایەوە.
مامۆستا نەجمەدین مەلا حەزی بە مەلایەتی نەکردووە، زیاتر لە (35) ساڵی تەمەنی بە وانەوتنەوە لە قوتابخانەکەیدا بەسەربردووە، ئەگەرچی ماوەیەکیش لە (ڕانیە) موچەخۆری دەوڵەت بووە.
سەبارەت بە ژنهێنانی مامۆستا، ھەندێک دەڵێن ژنی نەھێناوە، گوایە لە دەستنووسەکانی مامۆستادا ناوی هاوسەر و منداڵ نەھاتووە، بەڵام لە ڕاستیدا ژنی ھێناوە و تەنانەت کچێکیشی لێی بووە، بەڵام بە جوانەمەرگی سەریناوەتەوە و پاش مردنی کچەکەی، مامۆستا نەجمەدین مەلا لەگەڵ فاتمە خانی هاوسەری لە یەکترجیابوونەتەوە.


سەرەتای ئەرک و ماندووبوونی مامۆستا لە تەک ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵی 1926 ی زاینی، ھەروەک مامۆستا گیوی موکریانی دەڵێت: «لە ساڵی 1926 ی زاینیدا کە ئێمە لە سوریاوە ھاتینە بەغدا و لەوێشەوە چووینە ڕەواندوز و گۆڤاری (زاری کرمانجی) مان پەخش دەکرد پێویستیمان بەوە ھەبوو کە لە ھەموو لایەکەوە خوێندەوار و لاوە دڵسۆزەکانمان بە ناردنی ھەڵبەست و شوێنەواری وێژەیی لای خۆیان، یارمەتیمان بدەن، لەو لایەنەوە مامۆستا (شاکر فەتاح) و (مامۆستا نەجمەدین مەلا) زۆر یارمەتیان داین، کە ئەو توانا و پشووە درێژەمان بە مامۆستا نەجمەدین دەدی لەڕووی ئەوەوە قوتابی نەبوو، بێکاریش بوو، وا لەگەڵیدا ڕێکەوتین کە ئەو ھەڵبەست و بەسەرھاتی گشت بوێژەکانی سلێمانی-مان بۆ کۆبکاتەوە و لە بەرانبەر ئەو پیاوەتییەدا ئێمەش ھەرچییەکی چاپ بکەین چەند بەرگێکی پێشکەش بکەین کە بۆ خۆی بیان فرۆشێ و ئاتاجی خۆی پێ لەناو بەرێت».
پاشان لە ڕۆژنامەی «ژین»دا سەدەھا شاعیری بە کورتەی ژیان و خەرمانێک لە ھەڵبەستەکانی لەژێر ناوی (شاعیرە بەناوبانگەکەمان) و گۆشەی (مەتەڵ) ئەو مەتەڵانەی کە نەک تەنها زاخاوی بیردەدەن بەڵکو دەروونە سووتاوەکانی بە وشەی ڕەنگین و ناوی قارەمانان و زانا و سوارچاکان و شوێنەوارەکانی کوردستان ئاودەدا و ھەڵبەستێکی ناسکی بۆ ئەکردنە قوربان.
مامۆستا نەجمەدین مەلا لە پاش خۆی، ھیچی لە پاش جێنەما، تەنها مۆزەخانەیەکی لە ڕووخسارا سەیر و بە ناوەرۆک گەورە و بێپایانی بەجێهێشت ئەوەی لە پاش بەجێما یاداشت و یادگاری ڕابردوومانە.
مامۆستا نەجمەدین دەسەڵاتێکی گەورەی نووسین و نووسینەوەی ھەبوو، لە کۆڕی شیعریشدا ئەسپی خۆی تاوداوە و چەند پارچە ھەڵبەستێکی نووسیوە کە یەکێکیان بە بۆنەی لافاوەکەی ساڵی 1957 ی شاری سلێمانی و لە تەک ھەڵبەستێکی تردا کە باسی ھەر چوار وەرزەکە دەکات، ئەمانە ھەمووی لە (ژین) دا بڵاوبوونەتەوە، ئەوەش نموونەیەکە لە شیعرەکانی کە لە دیوەخانی «تاھیر بەگی شاعیر»دا وتویەتی:
ئەی پیاڵە گێڕی مەجلسی تۆ گووسی نەوزەڕی
کەی خوسرەوی زەمانی یا جەمشیدی کیشوەری
تەندووری دڵ بە ئاگری غەم جۆشی سەندووە
بەزمم دەمێکە ساردە، لەبەر بێ سەماوەری!
جگە لە ڕۆژنامەی (ژین) مامۆستا لە گۆڤاری (ڕۆژی نوێ 1960-1961) شدا (دیوانی کۆڕی زانیاری) بڵاوکردۆتەوە کە باسی کەڵک‌ و سوودی هەندێک ڕووەک دەکات. لە بواری پزیشکیدا کە بە دەرمانی کوردەواریی ناودەبرێت. تەنانەت ھەوڵیداوە ئەو دەرمانە کوردەواریانە لە قاڵبی ھۆنراوەدا دابڕێژێت تا بچنە سەر زاری خەڵکی و لە فەوتان و لەناوچوون بیانپارێزێت.
هەڵبەت مامۆستا نەجمەدین مەلا زۆر چاک زانیویەتی ئەوە دەردی نەخوێندەوارییە کە میللەتی کوردی لە جیهانی زانست و زانیاری دواخستووە، زۆر بە گەرمی و بە کوڵەوە پێشوازی قوتابیانی کردووە و ھەموو ڕۆژی تا پاش نوێژی خەوتنان لە (قوتابخانەی کەشتی نوح) وانەی بە قوتابییەکانی وتووەتەوە، ھەتا قوتابییەکانی لای بوونایە، هەرگیز میوانی قبوڵ نەکردووە
نەجمەدین مەلا ھەمیشە ھانی کوردانی داوە بۆ یەکگرتن.. تەنها وەسیەتەکەی بەسە بۆ ھەموو ئەو کەسانەی تا ئێستاش لە نەجمەدین مەلا و لە بیری مامۆستا تێنەگەیشتوون.
ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی 23-4-1962 مامۆستا ھەروەکو نەریتی ڕۆژانەی، خۆی کرد بە چاپخانەی (ژین) دا و تاوێک دانیشت و چووە دەرەوە، ئیتر یەک دوو ڕۆژێک دوای ئەوە مامۆستا سەری ژین-ی نەدایەوە. کە ئەمە جێی سەرسوڕمانی کارمەندانی چاپخانە بوو، هەر بۆیە کەوتنە سۆراخکردنی، کرێکارانی ژین زۆر بە پەرۆشەوە وێڵی ھەواڵی مامۆستا بوون.
ئەنجامی سۆراخکردنی ھەموویان لەوەدا یەکیگرتەوە کە مامۆستا دەرگای قوتابخانەکەی کە لە دیوی دەرەوە بە قفڵێکی گەورە لەو قفڵانەی کە بە کلیلی خۆی نەبێت داناخرێت؛ داخراوە، کە ئەمەش لای ھەمووان ئەوەی دەگەیاند کە مامۆستا لە ناوەوە نیە و ڕۆیشتووە، یەکێک دەیوت چووە بۆ مەسەلەی خانەنشینی براکەی، یەکێکی تر شتێکی تری دەوت.. …

پاشان یەکێک لە کرێکارەکانی چاپخانەی ژین لە پەنجەرەی ماڵە دراوسێیەکیانەوە سەریکێشا تا بزانێ چییە؟ ئەمە جگە لەوەی کە زۆر لە دڵسۆزانی تریش خەریکی سۆراخکردنی بوون.

دواجار کە کرێکارەکە دێتەوە، دەڵێ: «بەخوا ھیچ دیار نییە، بەڵام بۆنێک دێت سەردار بێسەر ئەکات!» ئیتر (ژین) دەمودەست لەگەڵ (حاکم تەحقیق) دا قسەی کرد، ڕۆژی شەممەی ڕێکەوتی 5-5-1962 بوو، لە سەعات سێ‌ و نیوی پاشنیوەڕۆی ھەمان ڕۆژدا، حاکم تەحقیق فەرمانی دەرکرد بۆ کردنەوەی (قوتابخانەی کەشتی نوح) ی مامۆستا، دوو موفەوەز و نوێنەری (ژین) چوونە بەر (قوتابخانەی کەشتی نوح) موفەوەزەکە پەیژەیەکی نا بە پەنجەرەکەوە و سەیرێکی کرد و وتی: بەخوا ھیچ دیار نییە، پاشان بە لایتی دەستیی لێی ڕوانی وتی: ئەوەتا لەبەر قاپی دەرەوەدا لاشەیەک کەوتووە! دواتر قاپییەکە دەشکێنن و دەبینن تەرمی مامۆستا ئاوساوە و بۆنی کردووە، لاشەکەی نزیکەی دە دوانزە ڕۆژ لە ژووررەکە دا ببوو، دواتر تەرمی مامۆستا دەبرێتە نەخۆشخانە.

لەبەرئەوەی لاشەکەی بە تەواوی تێکچوو بوو، پزیشکەکان نەیانتوانی توێکاریی بۆ بکەن، ئەو شەوە تەرمی مامۆستا لە مەیتخانە دەمێنێتەوە، هەر هەمان شەو هەموو پێویستیەک ئامادە دەکرێت و بۆ بەیانی لاوان و مامۆستایان و دڵسۆزان دەکەونە خۆیان بەوپەڕی ڕێزەوە تەرمی مامۆستا بەڕێدەکەن بەرەو گۆڕستانی سەیوان.
ڕۆژی یەکشەممە 6-5-1962 لە کاتژمێر پێنجی پاشنیوەڕۆوە تا کاتژمێر نۆی شەو، دوو ڕۆژ لەسەریەک لە مزگەوتی ھەمزاغا پرسەی بۆ دانرا.

مامۆستا نەجمەدین مەلا، بەدەستوخەتی خۆی دیوان و بەرهەمەکانی گەلێک شاعیری پاراستووە، لەوانە دیوانەکانی حەمدی و مەولەوی و سالم و نالی و کوردی، گەلێک کەشکۆڵ و دەستنووسی دەگمەنیشی لەپاش بەجێماوە کە لە ئێستادا بوونەتە سەرچاوەی باوەڕپێکراوی لێکۆڵینەوە زانستییەکان لە بواری ئەدەب و مێژووی کورددا.

بەپێی شێواوی تەرمەکەی و دیار نەبوونی زیاتر لە دە ڕۆژی مامۆستا، پێدەچوو شەوی 23-4-1962 ھەر لە حوجرەکەی خۆیدا و بە بێکەسی کۆچی دوایی کردبێت.

ساتی دووبارە بەخاکسپاردنەوەی نەجمەدین مەلا – چیای ئەزمڕ

دوای زیاتر لە هەشت ساڵ لە کۆچی دوایی، لەسەر وەسیەتی خۆی، ڕۆژی 2-5-1970 تەرمەکەی برایە چیای ئەزمڕ و جارێکی تر بە ‌خاک سپێردرایەوە، لە ئێستادا پەیکەری کەشتییەک وەک هێما بۆ (کەشتی نوح) لەسەر مەزاری مامۆستا نەجمەدین مەلا لە چیای ئەزمڕ دروستکراوە.

وەک سەرچاوە سوود لە ژمارە (47) ی (ڕۆڤار) ئەیلولی 2007 وەرگیراوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو