جۆینی تیلیگرام بن

حەپسەخان، ناوێکی درەوشاوە لە مێژووی ژن و کورد دا

حەپسەخان، ناوێکی درەوشاوە لە مێژووی ژن و کورد دا

حەپسەخان ژنێکی پێشەنگ لە بواری سیاسەت و بەڕێوەبەرییدا، چالاکێکی دیاری مافەکانی ژنان و تێکۆشەرێکی بێ وێنە بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلەکەی، بە خەبات و کارەکانی بوەتە ناوێکی درەوشاوە لە مێژووی ژنان و گەلی کورردا.

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ١٢-نیسان-١٩٥٣، حەپسەخانی نەقیب کۆچی دوایی کرد، لەدوای ٦٨ ساڵ هێشتا ناوی حەپسەخان وەک شانازییەک بۆ مرۆڤایەتیی و میراسێک بۆ گەلی کورد و بەتایبەتی ژنان  دەبیندرێت، بایەخدار و گرینگە ژنان وەکوو پێشەنگێک بۆ خۆیان چاوی لێبکەن.

حه‌پسه‌خان، کچی مه‌عرووفی به‌رزنجی نه‌وه‌ی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ و ئامۆزای شێخ مه‌حمودی حەفید هاوسه‌ری شێخ قادری حه‌فید بوە، ساڵی ١٨٩١ له شاری سلێمانی هاتوەته دنیاوه، باوکی ‘نەقیب’بوە، هەربۆیە بە حەپسەخانی نەقیب ناوبانگی دەرکردوە.

حەپسەخان، بە زانایی و لێهاتوویی، بەخشندەیی و خێرخوازیی، زمان شیرینیی و سادەیی، هەر لە منداڵییەوە بوەتە جێگای سەرنجی دەوروبەرەکەی، ئەو تایبەتمەندییانەی، وای لە باوکی کردوە، لەگەڵ خۆی بیباتە ناو کۆڕ و کۆبوونەوەی کەسایەتییە سیاسییەکان، لەناو ئەو کۆبوونەوانەدا پێشنیارەکانی حەپسەخان وەرگیراوە و گرنگیی بە بۆچوونەکانی دراوە.

حەپسەخانی نەقیب برای نەبووە، دوای کۆچی دوایی مەعروف بەرزنجی باوکی کە “نەقیب” و نوێنەری سادات و شێخان بووە، خۆی دەبێتە جێنشینی باوکی و کاروباری دیوەخان بەڕێوەدەبات، بەهۆی لێهاتووییەکەشیەوە، نەک ڕێگریی لێنەکراوە، بەڵکو پشتگیریی لێکراوە، بەڵام لەلایەن پیاوانی میرییەوە دژایەتیی کراوە، ئەو دژایەتییەش نەیتوانیوە کاریگەریی لەسەر حەپسەخان دروست بکات

حەپسەخان لە ساڵی ١٩٢٣ لەگەڵ شێخ قادری ئامۆزای هاوسەرگیریی کردوە، منداڵێکیان بووە ناویان ناوە شامیل، بەڵام هەر لەتەمەنێکی بچوکدا کۆچی دوایی دەکات، ئیدی هیچ منداڵێکی دیکەیان نەبووە.

جیاواز لەوەی ڕۆڵێکی باڵای لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبوە، یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی حەپسەخان، پاراستنی مافەکانی ژنان بوو، هەربۆیە پێی پەسەند ناکرێت ژنان لە مافی خوێندن بێبەش بکرێن و لە ساڵی ١٩٢٦ خوێندنگای زانستیی کچانی لە گەڕەکی سابونکەرانی شاری سلێمانی کردوەتەوە، خۆشی ماڵ بە ماڵ گەڕاوە تا خەڵک ڕازیی بکات، کچەکانیان بنێرنە بەر خوێندن، خۆشی لەگەڵ ئەواندا دەبێتە خوێندکار و خۆیان فێری خوێندەواریی دەکەن.

دەربارەی ڕۆڵی حەپسەخان لە وەدەستخستنی مافەکانی ژناندا، نەزاکەت حەمەسەعید مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی دەڵێت: حەپسەخان هەر بوونی خۆی سەرەتایەکی باشە بۆ ڕەوتی ژنان و باوەڕبوون بە ژنان، و کارکردنی ژنان لە پێگە سیاسیەکان و ناوەندەکانی بڕیارداندا.

حەپسەخان و کۆمەڵێک ژن
حەپسەخان و کۆمەڵێک ژن

ئەو ژنە پێشەنگەی کورد تەنیا بە کردنەوەی خوێندنگاوە نەوەستاوە، بەڵکو پێیوابوە دەبێت، ناوەندێک هەبێت بۆ کۆکردنەوەی ژنان لەدەوری یەکتر و کارکردنی بەکۆمەڵ بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، هەربۆیە لە ساڵی ١٩٣٠ یەکەمین کۆمەڵەی ژنان لە باشووری کوردستان لەسەر دەستی ئەو دروست دەکرێت، بەناوی ‘کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد’.

دامەزراندنی ئەو کۆمەڵەیە، دەستپێکی گرنگە بۆ یەکرگرتنی ژنان و دروستکردنی ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان لە ساڵانی دواتردا، وەک د.نەزاکەت باسی دەکات”ئەوەی کە ئەمڕۆ ڕێچکەی خەباتی ژنانی کورد لەسەری دەڕوات، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دەستکەوتەکانی حەپسەخانی نەقیب”.

لەسەردەمێکدا، کە باسکردن لە مافی کورد قەدەغە بووە و هەتا ئێستاش گەلی کورد قوربانیی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی دەدادت، حەپسەخان، لە ساڵی ۱۹۳۰نامەیەکی ناردووە بۆ کۆمەڵەی گەلان (عصبە الام) لە جنێف، بەئاشکرا داوای مافی کوردی کردووە.

هەروەها، کاتێک کە کۆماری کوردستان لە مەهاباد دامەزرا، حەپسەخان بە ھەموو توانایەکی دارایی پشتگریی ئەو کۆمارەی کرد، لەبەرامبەریشدا پێشەوا قازی محەمەد، دامەزرێنەری کۆمار سوپاسنامەیەکی تایبەتی بۆ نارد و ڕێزێکی زۆری لێنا.

نەزاکەت حەمەسەعید، باس لەو ڕۆڵە دەکات و دەڵێت: حەپسەخان جگە لەوەی وەک ژنێک ڕۆڵی بینیوە، هاوکات توانیویەتی خزمەت بە گەلی کورد بکات و لەڕووی سیاسییەوە توانیویەتی ڕەمزێک بێت بۆ کورد

حەپسەخان لە تەمەنی ٦٨ ساڵییدا بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دویای کرد و لە لەگردی (سەیوان)ی شاری سلێمانی بەخاكسپێردرا، بەو کۆچەش لەو ڕۆژگارەدا كەلێنێكی گەورە لە بواری تێكۆشان بۆ ئازادیی‌ و یەكسانیی ژنانی كوردستاندا دروست بوو.

د.نەزاکەت، دەست دەخاتە سەر کەموکورتییەک لەبەرامبەر ڕۆڵ و تێکۆشانی حەپسەخان و دەڵێت: نە خودی خۆمان بە گشتیی و نەمیدیای کوردیی بە تایبەت، نەیتوانیوە ئەم سیمبولە بە جیهان بناسێنین.

چەند ساڵێك پێش ئێستا خوالێخۆش(درەخشان حەفید)، کە یەکێک لەو ژنانەبوو زۆر سەرسام بوو بە حەپسەخان و هەمان ڕێچکەی ئەوی گرتبوو، ئەلبومێكی وێنەیی ‘حەپسەخان’ی بڵاوکردەوە، ‘سەراب’ی کچی ئەحمەد موختار بابانیش چەند پارچەیەك لە جلوبەرگی حەپسەخانی پێشكەش بە مۆزەخانەی سلێمانی كرد.

یەكێكی تر لەو كارانەی كە بۆ حەپسەخان كراوە، پەیكەرێكی مۆمە كە لە مۆزەخانەی ئەمنە سوورەكە دانراوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو