خوێندکارێکی زانکۆ لە چەمچەماڵ چەند ساڵێکە لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا کتێب دەبەخشێتەوە، بەڵام ئەمساڵ بە ژمارەیەکی جیاوازتر و هەشت هەزار کتێبی بەخشییە خوێنەران، خۆشی دەڵێت لە داهاتوودا کتێبخانە لە گوندەکان دەکاتەوە.
کتێبەکان لە بەردەم زانکۆی چەرموو لە شارۆچکەی چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی نمایشکراوە و بڕیارە تا کاتژمێر ٠٦:٠٠ی ئەم ئێوارە بەردەوام بێت.
مەبەست عەباس، ئەو گەنجە خوێندکارەی زانکۆی چەرمووە، کە ئەمساڵ تەمەنی بووە بە ٢٣ ساڵ و هەشت هەزار کتێبی بێبەرامبەر بۆخوێندکاران و خوێنەران نمایشکردووە.
مەبەست دەڵێت، چوارساڵە ئەم کارە دەکات، سالی یەکەمی ٢٠ کتێبی جۆراوجۆری پێشکەش بە یەکەم قوتابخانەی خوێندنی کردووە، ساڵی دووەم ٥٠٠ کتێبی چیرۆکی منداڵانی لە بازاڕدا بەخشیوە بە منداڵان، ساڵی سێیەم (٢٠٢٠) خۆی بەسەر ماڵاندا٥٠٠ کتێبی دابەشکردووە، ئەمساڵیش هەشت هەزار کتێبی خستووەتە بەردەست خوێنەران.
مەبەست عەباس بە ڕۆژنیوزی وت، ئامانجییەتی گەنجان هۆشیاربکاتەوە، دەشڵێت: پێمباشە تەواوی گەنجان لەبری ڕێکخستنی ئاهەنگ، لە ڕۆژی لەدایکبوونیاندا نەمام بچێنن، یان کتێب ببەخشن.
مەبەست بەشێکی کتێبەکانی لە شاروشارۆچکەکان کۆکردووەتەوە، وەک خۆشی وتی، ئامانجی گەورەتری هەیە و لە ساڵانی داهاتوودا لە گوندەکان و نەخۆشخانەکان کتێبخانە دەکاتەوە.
خوێنەران سەردانی پێشانگەکەیان دەکرد، هەمووان بە کارەکەی مەبەست دڵخۆشبوون و بە کارێکی گرنگ پێناسەیان کرد.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *