جۆینی تیلیگرام بن

شوێنەوارە مێژوییەکانی کۆیە نزیکن لەناو بچن

شوێنەوارە مێژوییەکانی کۆیە نزیکن لەناو بچن

بیانووی نەبوونی بودجە خەریکە شوێنەوارەکانی باشووری کوردستان لەناودەبات، کۆیە یەکێک لەو ناوچانەیە دەوڵەمەندە بە شوێنەوار و کەلەپوور و مێژووی کورد، بەڵام پشتگوێخستنی خەریکە لەناوی دەبات، مێژوو ناسان هۆشداری دەدەن و بەرپرسانیش داوای هاوکاری لە ڕێکخراوەکانی دەرەوە دەکەن!.

لەگەڵ هەر بارانبارینێكدا، بەشێك لە شوێنە مێژویی و شوێنەوارەكانی كۆیە، دەكەونە بەر ڕەحمەتی باران و وردە وردە دەڕوخێن و مەترسیی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانیش درووستدەكەن، وێڕای لەناوچوونی خۆیان.

كۆیە هەر لە كۆنەوە شوێنی شارستانییەت و كاروان سەرا بووە، مێژوویەكی دێرینی هەیە، لەم ساڵانەدا وردە وردە شوێنەوارەکان بەرەو لەناوچوون دەچن، لەم بارەیەوە د. حەیدەر لەشكری مامۆستای بەشی مێژوو لە زانكۆی كۆیە بە ڕۆژنیوزی وت: ئەگەر تەماشای کۆیە بكەین، پاشخانە مێژووییەكەی وایكردووە، ناسنامەی ئەم شارە لە ئێستادا بمێنێتەوە، لێرە بنكەیەكی ئابووری بەهێز و پێشكەوتوو نییە، بۆیە ئەگەر ناوچە مێژوویی و شوێنەوارییەكان و  كەلەپوریەكانی زیندوو نەكەینەوە، ئەوە ناسنامەی ئەم شارە درزی  تێدەكەوێت.

د. حەیدەر ئاماژە بەوە دەکات، نەک هەر کۆیە، “ناوچە مێژوویی و شوێنەوارییەكان لە هەموو كوردستان وەكو پێویست نەپارێزراون، تەنانەت لە هەندێك شوێن بەدەست داڕمان و داڕووخانەوە دەناڵێنن”.

هەروەها ‘عەزیز تایەر’ هاوڵاتییەكی بەتەمەنی شارەكەیە، یادگاریی زۆری  لەگەڵ بەشێك لە  ناوچە شوێنەوارییەكانی كۆیە هەیە و دەڵێت: كاتی خۆی  لەهەموو شوێنێكەوە دەهاتن بۆ كاروان سەرای كۆیە و جێگای ژنیشی لێ بوو، سوودی زۆری بۆ شارەكە هەبوو، پێمناخۆشە ئاوا هەمووی ڕووخاوە و حەز ئەكەم  دووبارە چاكی بكەنەوە.

ئەم هاوڵاتییە دەڵێت، کاتی خۆی چایخانەی هەبووە و بە وڵاخ هاتووچۆی کردووە، لە کاروان سەرا وەک شوێنێکی پارێزراو ڕۆژانە وڵاخەکەی جێهێشتووە.

مەترسی ڕووخانی شوێنەوارەکان لەلان مێژوو ناسانەوە، ڕەخنەی هاوڵاتییانی شارۆچکەکە دەگەیەنینە ‘یەکێتی واحید’، بەرپرسی فەرمانگەی شوێنەواری كۆیە، ئەویش ڕەخنە و گلەیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.

یەکێتی واحید وتی، چەندین جار دەرخستە و دیزاینیان بۆ شوێنەوارەكان كردووە‌ و بێوەڵام بوون، وتیشی: بێ وەڵامی لە کاتێکدایە، بەشێکی شوێنەوارەکان لەناوچوون و بەشەکەی دیکەش بەرەولەناچوون دەچن، زوو بەهانایەوە نەیەن، چەند ساڵی داهاتوو بەتەواویی شوێنەوارەکان لە ناودەچن.

دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم، بۆ هەموو کەموکورتییەکان نەبوونی بودجە بیانووی سەرەکییانە، كەیفی مستەفا بەڕێوبەری گشتی شوێنەواری هەرێمی كوردستان بە ڕۆژنیوزی وت، پلانیان بۆ هەموو شوێنەوارەکان هەیە، “بەڵام بودجەیەكی زۆری دەوێت، لە ئێستادا لە توانای حكومەتدا نییە”.

بەڕێوەبەری شوێنەواری هەرێم داوای کرد ڕێکخراوەکانی دەرەوە هاوکارییان بکەن، وتیشی، لە ئێستادا بە هاوكاری ڕێكخراوێكی ناوخۆیی   قشلەی كۆیە نۆژەن دەكەنەوە.

بەپێی داتاکانی شوێنەوار، زیاتر لە پێنج هەزار ناوچەی شوێنەواریی لە هەرێمی كوردستان هەیە ، جگە لەوەی بە هەزاران دوکان و خانووی  كەلەپوری هەن.

پەیوەست بە سنووری شارۆچکەی کۆیە لە سنووری پارێزگای هەولێر، زیاتر لە ١٨٠ ناوچەی شوێنەواریی هەن، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە بپارێزرێن و نۆژەن بكرێنەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو