لە قەزای کەلار، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی شانۆوە، شانۆگەریی “کام حیزب دەیباتەوە”، نمایشکرا، کە ناوەرۆکەکەی باس لە ململانێی نێوان حزبەکان دەکات، بڕیارە سبەینێش نمایشکردنی شانۆگەرییەکە بەردەوام بێت.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەهۆڵی هونەر لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، تیپی شانۆی سیروان، شانۆگەریی کام حیزب دەیباتەوەی نمایشکرد و تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیان و هونەر دۆستان ئامادەیبوون.

شانۆگەرییەکە لە نوسینی عەزیز نەسین-ە، عومەر تینو، حسێن عەبدوڵا ئامادەیان کردوە و زمناکۆ عەبدولکەریم، کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، هەروەها عوسمان عەبدولقادر، حسێن عەبدوڵا، زمناکۆعەبدولکەریم، عومەر تینو، سەباح حسێن، نالی لەنگەریی و ڕەوا ڕەمەزان، کاری نواندنیان تێدا کردووە.
چیرۆکی شانۆگەرییەکە باس لە ململانێی نێوان دوو حیزب دەکرد، کە لەکاتی پرۆسەی هەڵبژاردندا چۆن بانگەشە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ دەکەن و بەچ شێوازێک بەڵێن بەخەڵک دەدەن کار بۆ دەنگدەر دەکەن و دواتر درۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن و بەڵێینەکان نابەنە سەر.
هەروەها بەشێکی دیکەی شانۆگەرییەکە، باسی لەنەهامەتییەکانی کۆمەڵگا دەکرد کە بەدەست حیزبە کوردییەکانەوە دەچێژن و پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا یان نوێنەری هەر بوارێکی تر، هەڵدەستێت و گاڵتە بەهەستی خەڵک دەکات.

بەشێکی دیکەی ناوەرۆکی شانۆگەرییەکە گوزارشتی لە فرۆشتنی نیشتیمان دەکرد، کەچۆن ئێستا حیزبەکان هەریەکە و بە ئارەزووی خۆیان پارچەیەکی نیشتیمان دەفرۆشن، بێ گوێدانە ئەو هەموو قوربانیدانەی گەل بۆ نیشتمانی داوە.
کۆتا بەشی شانۆگەرییەکە باسی لەوەدەکرد، کە ئێستا ئەوانەی خاوەنی بڕوانامەنین لە پۆستی باڵای حکومیدان و خاوەنی پلەی بەرز بەرزن لە سیلکی حکومەتدا و ئەوانەی بڕوانامەیان هەیە لەماڵەوەن و کەس باسیان ناکات.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *