جۆینی تیلیگرام بن

گۆڤارێکی ئەدەبی یەکەم ژمارەی بڵاوکردەوە کە بێ بەرامبەرە

گۆڤارێکی ئەدەبی یەکەم ژمارەی بڵاوکردەوە کە بێ بەرامبەرە

یەكەمین ژمارەی گۆڤاری (وانەر) كە گۆڤارێكی ئەدەبییە، لە شاری هەولێر بڵاوكرایەوە و لەلایەن نووسەران و ڕۆشنبیران و خوێنەرانەوە پێشوازیی لێكرا، سەرنووسەرەكەیشی دەڵێت: بایەخ بە هەموو شێوازەكانی بواری ئەدەبیاتی كوردی دەدەن.

ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی گۆڤاری وانەر
ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی گۆڤاری وانەر

لە كتێبخانەی ئاشتی لەشاری هەولێر، بە ئامادەبوونی چەندین نووسەر، یەكەمین ژمارەی گۆڤاری وانەر بڵاوكرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ١٤ی ئەم مانگە لە سلێمانی بڵاوکرابوەوە.

شاخەوان سدیق، سەرنووسەری گۆڤارەکە، بە ڕۆژنیوزی وت: گۆڤارەكە ئەدەبیی وەرزییە، گرنگی بە بابەتە ئەدەبیەكانی وەك (چیرۆك، ڕۆمان، شانۆ، سینەما، لێكۆڵینەوە، ژیاننامەی ئەدیب و نووسەرانی كورد) دەدات.

ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی گۆڤاری وانەر
ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی گۆڤاری وانەر

بە وتەی سەرنووسەری گۆڤارەکە: گۆڤارەکە بۆ یەکجار خوێندنەوە نییە و دەبێتە سەرچاوە بۆ لێكۆڵینەوەكانی خوێندكارانی زانكۆ بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەكانی ماستەر و دكتۆرا.

گۆڤارەکە لەلایەن ژنان و پیاوانەوە وەک یەک بەڕێوەدەبرێت، سەرنووسەرەکەی دەڵێت: بڕیارە هەموو ژمارەکە، بێ بەرامبەر بڵاوبکرێتەوە بەسەر خوێنەراندا.

شێرزاد هەینی، نووسەر و ڕۆشنبیر كە لە مەراسیمەکەدا ئامادەبوو، بە ڕۆژنیوزی وت: “پێمخۆشە كە كۆمەڵە گەنجێكی عاشق بە كتێب و خوێنەری كتێب، لێرە دەبینم لە دەوری یەكتری كۆبوونەتەوە، گۆڤاری وانەریش گۆڤارێكی ئەدەبیی گرنگە و دڵیان پێی خۆشە”، وتیشی: لەم ڕۆژگارەدا، گۆڤارە ئەدەبی ‌و ڕۆشنبیرییەكان نەماون و وەستێنراون، بۆیە گرنگ و پێویست بوو گۆڤارێكی لەم شێوەیە سەرهەڵبدات و لە بواری ئەدەبیی كوردیدا.

هەروەها، شەفیقی حاجی خدر نووسەر و وەرگێڕ وتی: بڵاوكراوەی كوردی لە بواری نووسین و وەرگێڕاندا بەراورد بە ڕۆشنبیریی گەلانی دونیا، زۆر كڵۆڵ و هەژارە، ئەم قەیرانانەی چەند ساڵی دوایش زیاتر بەرۆكی بڵاوكراوەی كوردی گرت و ڕێگەی نەدا ڕەوشی نووسین و وەرگێڕان پێ بنێتە قۆناغێكی باشتر .

ئەم نووسەرە هیوادەخوازێت، گۆڤاری وانەر، ڕێڕەوێكی درێژی هەبێت و زوو كۆتایی نەیەت.

گۆڤاری وانەر ژمارەی یەكەمی ٥٠٠ دانەی لێ چاپ كراوە و لەلایەن كۆمەڵگای پەروەردەیی مارگرێت چاپ دەكرێت و ئەركی دارایی لەسەرشانی ( د. تەها ڕەسوڵە).

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو