ئیبراهیم مەلازادە
لەپەراوێزی ئاگربەستی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا
ئەگەر لەڕوانگەی خۆڕاگری حەماس تەماشای ڕووداوەکان بکەین، بەڵێ حەماس توانی خۆی رابگرێت، هەرچەندە نازاندرێت ژمارەی ئەو چەکدارانەی حەماس کە کوژراون چەندن، بەڵام خۆڕاگرتن بەرامبەر ئەو هەموو ئاگر و ئاسنە، لەخودی خۆیدا دەکرێت بە سەرکەوتن هەژمار بکرێت.
خۆ ئەگەر لەڕوانگەی زیان و قازانج تەماشای ڕووداوەکان بکەین، ئەو لۆژیکەی کە هەم حەماس و هەمیش خەڵکی هەواداری حەماس، تەنانەت لە کوردستانیش؛ لێی دەڕوانن، لۆژیکێکی پێچەوانەیە. شەڕ لەپێناو دەسکەوتی سیاسییە. ئایا دەسکەوتی سیاسیی حەماس لەو شەڕە وێرانکارییەدا چیی بوو؟
هەندێک دەڵێن حەماس ئەفسانەی سوپای ئیسڕائیلیان تێکشکاند، بەڵام ئەو قسەیە بە ئەنجامەکەی دەپێورێت نەک بە دەستپێک.
بەو پێیەش بێت، دەبێت لەوەدا ڕاشکاو بین کە حەماس و تەواوی بزووتنەوە جیهادییەکان بیر لە ژمارەی قوربانیەکان ناکەنەوە، چونکە بەلای ئەوان دوو شت گرنگن
یەکەم: بەردەوامبوونی جیهاد و لێدانی زەبری کوشندە لە دوژمن.
دووەم: ئەوەی بکوژرێت نەدۆڕاوە، بەڵکو شەهیدە و جێگای بەهەشتە.
ئەم لۆژیکەش لە بیروباوەری بزووتنەوە ئیسلامییەکان و ڕێژەیەکی زۆری موسوڵمانەکان، باوەرمەندی خۆی هەن.
لە عەقیدەی جیهادییەکان، ئەوەی لەو نێوەندەدا بکوژرێت خودا لەسەر نیەتی خۆیان دەیانژیێنێتەوە. دوا ئامانجیش چوونە بەهەشتە، چونکە دونیا گۆڕەپانی کارکردنە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودا. بۆیە بەپێی ئەو لۆژیکە؛ مردن لەو ڕێگایەدا سەرکەوتن و سەربەرزییە، نەک دۆڕان.
لێرەدا، حەماس و تەواوی ئیسلامییەکانی دونیا بەلایانەوە گرنگ نیە چەند کەس کوژراون، بەڵکو بەلایانەوە گرنگە لەژێر ئەو هەموو ئاگر و ئاسنەدا، لەڕووبەرێکی تەخت و کراوەی چل کیلۆمەتریدا، هەر ماون و بەرگری دەکەن.
خۆ ئەگەر بە قازانج و زیان تەماشای ئەنجامەکانی ئەو شەڕە بکەین، ئیسڕائیل دەسکەوتی گەورەی بەدەست هێناون هەر لە ژمارەی کوشتنی دوژمنەکانی و بەزاندنییان، تا بەدەستهێنانی خاکی زیاتر و سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەین؛ لەبەدەستهێنانی بەشێک لە ئامانجەکان ئیسڕائیل دووچاری شکستێکی ڕوون بۆتەوە، لەوانەش:
یەکەم: لەناوبردنی حەماس!
دووەمیش: گەڕاندنەوەی ڕفێندراوەکان لەڕێگای جەنگ و پەلاماردانەوە.
کەواتە، لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆجیای ئیسلامییەکانەوە سەرکەوتن و ژێرکەوتن ماددی نیە و بە پێوەرە ماددییەکان هەڵناسەنگێندرێت، هێندەی رۆحی و خۆڕاگرتنە لەسەر باوەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن.
کەواتە، لە هەڵسەنگاندنی سەرکەوتن و شکستهێنان؛ پێوەرەکان لەنێوان ئیسلامییەکان و خەڵکی دیکەدا جیاوازن.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *