جۆینی تیلیگرام بن

ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەست رێککەوتن

ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەست رێککەوتن
بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، بە راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە رازی بووە و ئەوەشیان لەڕێگەی شاندێکەوە بە نێوەندگیرەکان گوتووە.
بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، “وەڵامی خۆمان بە لایەنەکانی دانوستاندنکار پێشکێشکردووە”. دەشڵێت، رازی بوون لەسەر گۆڕینەوەی دیلەکان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەڵێت، “رێککەوتنمان بۆ بارمتەکان هەیە و بەزوویی ئازاد دەکرێن. سوپاس”
لەو کاتەوەی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023ـەوە دەستیپێکردووە، هەریەکە لە قەتەر، میسر و ئەمریکا وەکو نێوەندگیر هەوڵی رازیکردنی لایەنەکان دەدەن بۆ ئەوەی بە ئاگربەست لە غەززە رابگەیێندرێت.
بەگوێرەی دوایین راگەیێندراوی تەندروستیی کەرتی غەززە، تاوەکو ئەمڕۆ 46 هەزار و 706 کەس لەو کەرتە کوژراون.
سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، 840 سەربازی وڵاتەکە لە جەنگی غەززە کوژراون. دەشڵێت، 1200 کەس لە هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 کوژراون.
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، 251 کەسیش بە دیل گیراون.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ئاگربەستەکە لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەکەی جۆ بایدنە کە لە کۆتایی مانگی ئایاری پار بە زۆرینەی دەنگ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کرا.
بەگوێرەی رەشنووسی پێشنیازەکە، ئاگربەستەکە سێ قۆناخ دەبێت؛ لە یەکەم قۆناخدا ئاگربەست بۆ 42 رۆژ بەردەوام دەبێت. لەو ماوەیەدا حەماس 33 بارمتە ئازاد دەکات، کە لە نێویاندا پێنج ژنە سەربازی ئیسرائیلی هەن. لە بەرامبەردا سەتان گیراوی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد دەکرێن.
لە بەرامبەر ئازادکردنی پێنج ژنە سەربازەکە، ئیسرائیل 50 گیراوی فەلەستینی ئازاد دەکات، کە 30 کەسیان لە گرووپە چەکدارەکانی فەلەستیندا بەرپرسن و سزای زیندانی تاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە.
هەر لە قۆناغی یەکەمدا بڕیارە سوپای ئیسرائیل لە ناوەندە سڤیلنشینەکانی کەرتی غەززە بکشێتەوە و فەلەستینییەکانیش رێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان لە باکووری کەرتی غەززە.
لەو 42 رۆژەدا هاوکارییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکرێن و بڕیارە هەر رۆژێک 600 بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی بچێتە نێو غەززە.
لە رەشنووسی پێشنیازەکەدا هاتووە، لە قۆناغی دووەمدا تەواوی بارمتە زیندووەکان ئازاد دەکرێن، لە بەرامبەردا سەتان گیراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن. حەماسیش جەخت لە کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەکاتەوە، بەڵام ئیسرائیل هێشتا بەم داوایەی حەماس رازی نییە.
هەربۆیە هێشتا لایەنەکان لەسەر قۆناغی دووەمی پێشنیازی ئاگربەستەکە رێکنەکەوتوون و بڕیارە لە قۆناخی یەکەمدا قسەی زیاتری لەسەر بکەن.
قۆناغی سێیەم و کۆتایی ئاگربەستەکەش بریتییە لە رادەستکردنەوەی تەرمی بارمتەکان، لە بەرامبەردا پلانێکی 3 بۆ 5 ساڵەی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بە چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت.
جەنگی غەززە زیاتر لە 15 مانگە بەردەوامە و بەگوێرەی بەرپرسانی کەرتی غەززە، ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 46 هەزار کەس کە 70%یان ژن و منداڵ بوون، هەروەها نزیکەی دوو ملیۆن فەلەستینییش لە کەرتەکە ئاوارە بوون.
ئیسرائیل دەڵێت، لانیکەم 17 هەزار چەکداری حەماسی لەو جەنگەدا کوشتووە و لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل کوژرانی 407 سەربازی لەنێو غەززە راگەیاندووە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو