نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، حكومەتی عێراق و کۆمپانیای بریتش پێترۆلیۆم (BP)ی بریتانی، رێککەوتننامەی لێکتگەیشتن بۆ جێبەجێکردنی هەڵسەنگاندنی توانای دوبارە پەرەپێدانی تەواوەتی هەر چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک ئەنجامدا.
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوێنی مەراسیمی واژۆکردنی ڕێككەتنامەی لێکتگەیشتنیان لەگەڵ کۆمپانیای بی پی ئەنجامدا، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی توانای دوبارە پەرەپێدانی تەواوەتی هەر چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک.
ئاماژەی بەوەشكرد، لێكتێكەیشتنەكە لەلایەن حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق، عامر خەلیل بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکور لەگەڵ زەید یاسری بەرپرسی لقی عێراقی كۆمپانیا بی پی-یەوە واژۆكرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، پڕۆژەی بوژاندنەوە و پەرەپێدانی هەر چوار کێڵگە نەوتییەکەی کۆمپانیای نەوتی باکور لە کەرکوک دەدرێتە کۆمپانیای BPـی بەریتانی، “ئەوەش لە پێناو زیادکردنی بەرهەم و گەیشتن بە باشترین تێکڕای بەرهەمی نەوت و گاز”.
ئەوە لەكاتێكدایە عێراق لە دوای سعودیە دوەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە ناوچەكە، ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە، بەپێی خەمڵاندنی كۆمپانیاكەش، كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك نۆ ملیار بەرمیل نەوتیان تێدایە كە شیاوی دەرهێنان بن.
بریتش پێترۆلیۆم (BP)ی بریتانی، یەكێكە لە كۆمپانیا گەورەكانی دنیا لە بواری نەوت و لە بیستەكانی سەدەی ڕابردودا ڕۆڵی لە دۆزینەوەی نەوت لە عێراقدا هەبوە، هەروەها لە پرۆژەی هاوبەشی كێڵگەی ڕومێلە لە باشوری عێراق خاوەنی ڕێژەی 50%ی قازانجی كێڵگەكەیە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *