هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی كە باس لە ڕێكەوتنێكی هێزەكانیان و ئێران دەكەن بۆ بەدەستهێنانی هەزار و 500 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ناڕاستن و لەلایەن میدیای تورکیاوە هەڵبەستراون، دەشڵیت، “شەڕڤانانمان سودیان لە ئەزمونی خۆیان وەرگرتوە و لە ماوەی ڕابردودا کاریان کردوە بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانیان، لەوانە دروستكردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان”.
فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، “میدیای تورکیا کە پشتیوانی لە سیاسەتی جینۆسایدی حکومەتەكەی دەکات لە دژی گەلانی ناوچەکە، بەدەست قەیرانێکەوە دەناڵێنێت لە هەڵبەستنی هەواڵی ناڕاستدا، لەوانە بانگەشەی ڕێککەوتنێکی سەیر و ناڕاستی نێوان هێزەکانمان و ئێران دەكات بۆ بەدەستهێنانی هەزار و 500 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەو هەواڵە درۆیە، بە ئاشکرا هەڵبەستراوە لەلایەن میدیای تورکیاوە بە ئامانجی زیانگەیاندن بە هێزەکانمان و گەلەکەمان، هەروەها بە مەبەستی دروستکردنی کەشوهەوایەکی دوژمنکارانەی لە دژی دۆزی گەلەکەمان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بیروڕای نێودەوڵەتیدا”.
فەرهاد شامی باسی لەوەشكردوە، “شەڕڤانانمان سودیان لە ئەزمونی خۆیان لە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش وەرگرتوە، لە ماوەی ڕابردودا کاریان کردوە بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی خۆیان، لەوانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە بەرهەمی ئەزمونی پاکی کەسیی خەڵکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە”.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *