بڕیارە لەم هەفتەیەدا بەغدا بڕێک نەوتی سپی ماڵان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و راستەوخۆ دابەش بکرێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: “هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە تاوەكو ئێستا پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی پاڵپشتیكراو لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە نەگەیشتووە.”
بە گوێرەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بڕیارە لەم هەفتەیەدا لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵەوە بڕێک نەوتی سپی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت كە زۆر كەمترە لە پشكی هەرێمی كوردستان.
لە راگەیێندراوی ئەو وەزارەتەدا هاتووە: “ئەوەی بەغدا دەینێرێت تەنیا بەشی 19٪ی پێداویستیی خێزانەکانی هەرێمی کوردستانە. ئەگەر ئەو بڕە نەوتەش دابینکرا، بە چەند كاروانێک دەگاتە هەرێمی كوردستان و راستەوخۆ دابەش دەکرێت”.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەشڵێت: “دابەشکردنەکە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیەکانی نەوت و کانزاکانەوە بە هەماهەنگی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە هەرێمی کوردستان دەبێت.”
هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 268 ملیۆن لیتر نەوتە بۆ ئەوەی ساڵانە یەک بەرمیل نەوت بداتە هەر خێزانێک، تاوەکو ئێستا نزیکەی 250 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک خێزان دابەش کراوە، کە دەکاتە 88% کۆی نەوتی دابەشکراو.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *