بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆبوونەوەیەکی شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا بووەتە بابەتی گەرمی میدیاکان.
هەواڵەکە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە ئاشکرا کرا، شاسوار عەبدولواحید سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە و چاوی بە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کەوتووە.
لە ماوەی ئەم مانگەدا ئەمە دووەمین سەرکردەی بە ناو ئۆپۆزسیۆنی هەرێمە کە سەردانی تورکیا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆ دەبێتەوە.
کۆبوونەوەی سەرکردەی حیزبەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی هەرێم بابەتێکی نوێ نیە و لە هەموو قۆناغە سیاسییەکاندا هەرێمدا بوونی هەبووە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، سەرجەم ئەو هێزە سیاسیانەی بانگەشەی جێگرتنەوەی پارتی و یەکێتی دەکەن بە هەمان رێگای ئەو دوو هێزەدا دەچنەوە.
شاسوار عەبدولواحید لە رێگەی میدیاکانیەوە هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو سەردانە ئاشکرا نەکردبوو، لە کاتێکدا کاتێک شاندێکی بیانی لە ئاستی کونسوڵخانەی وڵاتان سەردانی دەکەن پەیجە سێبەر ومیدیاکانی دەخاتە کار و وا نیشانی دەدات کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە بایەخەوە لە حیزبەکەی دەڕوانن.
بەڵام ئەم دیدارەی لەگەڵ تورکەکان شاردۆتەوە و تا ئەو کاتەی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە ئاشکرا کرا.
سەردانەکەی شاسوار هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بۆ ئەنقەرە، کە دیار نیە پێکەوە سەردانەکەیان ئەنجام داوە یان بە جیا.
ئەوەی گومانەکانی لەسەر سەردانەکە زیاتر کردووە، هاوکاتبوونیەتی لەگەڵ سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئەنقەرە لە کاتێکدا شاسوار عەبدوالوحید بەردەوام رەخنەی لە پارتی و یەکێتی دەگرت کە دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵک پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەبەستن.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ٧رۆژ، لە هیچ کام لە میدیا و پەیجە سێبەرەکانی سەر بە شاسوارەوە بە هیچ شێوازێک باس لە هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ناکرێت ئەوەش گومانی لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکەکان دروستکردووە.
جگە لە سەرۆکی نەوەی نوێ، مانگی رابردووش سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی سەردانی تورکیای کرد لەگەڵ هەمان بەرپرسی تورکەکان کۆبوویەوە.
شاسوار عەبدوالواحید بازرگانێکی تازە پێگەیشتووە، دوای ساڵانی ٢٠٠٣ لە رێگەی پێدانی زەوی بۆ پڕۆژەی نیشتەجێ بوون لەلایەن یەکێتیەوە لە سلێمانی توانی خۆی پێ بگەیەنێت و دواتر لە ساڵی ٢٠١١ دەزگایەکی میدیایی کردەوە لەوێوە ئامانجەکانی بەرەو دامەزراندنی هێزی سیاسی گۆڕی.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *