فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە باكوری سوریا پێگەكانی بەهێزدەكات بە مەبەستی بەرگریكردن لەخۆی و هاوبەشەكانی دژی ئەو لایەنانەی هەوڵی تێكدانی سەقامگیری ناوچەكە دەدەن، دەشڵێت، “ئەمریكا پابەندە بە كاركردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان، بۆ چارەسەرێكی سیاسی گشتیگر لە سوریا”.
سێنتکۆم، ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا لە پەرەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی “X” بە بڵاویكردەوەی ڤیدیۆی زریپۆشێكی جەنگیی جۆری برادلی (M2A3) دەڵێت، “هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئەركی دابینكردنی ئاسایش لە یەكێك لە ناوچەكانی باكوری سوریا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پارێزگاری لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان دەكات”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێگەكانی لە باكوری سوریا بەهێزدەكات، بە گرتنبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ ئەوەی لەوپەڕی ئامادەباشیدابێت بۆ بەگریكردن لە خۆیان بەرامبەر ئەو لایەنانەی هەوڵی هێرشکردنە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان و هاوبەشەکانیان دەدەن و هەوڵی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە دەدەن”.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، مانگی رابردو شاندێكی باڵای ئەمریكا سەردانی سوریایان كرد و لەگەڵ بەرپرسان گفتوگۆیان لەبارەی پرسە گرنگەكانی پەیوەست بە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی و سەقامگیری ناوچەكەوە كرد.
ئەوەشی خستەڕو، ئەمریكا پابەندە بە كاركردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان، بۆ چارەسەرێكی سیاسی گشتیگر بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە (2254) و پشتیوانیكردنی گەلی سوریا، لە بەدیهێنانی چاوەڕوانیەكانی بەرەو داهاتویەكی ئاسایش و سەقامگیر.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *