ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە دیمەشقەوە رایگەیاند: “پێویستە گەرەنتیی ئەمنیی متمانەپێکراو بۆ کوردی سووریا هەبێت.”
ئەنالینا بێربۆک لەبارەی پرسی کورد لە سووریا گوتی: “ئاساییشی کورد گرنگە بۆ سووریایەکی ئارام. ئەمەش پێویستی بە کۆتاییهێنان بەو شەڕەیە کە لە باکوور هەیە و هەروەها پێویستی بە ئاوێتەکردنی هێزە کوردییەکان و سوپای نیشتمانیی سووریایە بۆنێو پێکهاتەی نوێی ئەمنیی سووریا کە ئاساییشی راستەقینە بۆ هەموو لایەنێک دابین دەکات. دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتی زۆرینە کورد، هەنگاوێکی سەرەتایی گرنگە بەم ئاراستەیەدا.”
ئەنالینا بێربۆک لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای سووریا، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی: “لە گفتوگۆکانی ئەمڕۆماندا، ئێمە روونمانکردەوە کە ئەورووپا پشتیوانی دەکات، بەڵام ئەورووپا نابێتە پارەدارکەری دامەزراوە ئیسلامییەکان. ئێمە بەرامبەرەکانمان هاندان بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی نەتەوە یەکگرتووەکان ببینن بۆ پڕۆسەیەکی سیاسیی فرەلایەن. رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەی چەکە کوشندەکانی ئەسەد و بە زووترین کات لەنێویانببات.”
وەزیرە ئەڵمانییەکە کە هاوشانی هاوتا فەرەنسییەکەی لە دیمەشقە، راشیگەیاند: “هاتنی وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا پێکەوە بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا، ئاماژەیەکی سیاسیی بەهێزە بەوەی دەکرێت ئێستا سەرەتایەکی سیاسیی نوێ هەبێت و یەکێتیی ئەورووپا هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لەوەی داهاتوو، داهاتوویەکی ئازاد و ئارام بێت بۆ هەموو کەسێک.”
جەختیشی لەوە کردەوە کە “دەبێت هەموو سووریاییەکان لە پرۆسەی سیاسیی نوێ دا بەشدار بن و جێ بگرن.” بەڵام رایگەیاند کە یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتیی “دامەزراوە ئیسلامییەکان” لە سووریا ناکات.
دەقی وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە دیمەشق:
دوای چەندین ساڵ لە سەرکوتکاری، ئەشکەنجە و جەنگ، خەڵکی سووریا لاپەڕەیەکی نوێیان بۆ وڵاتەکەیان هەڵدایەوە. هاتنی وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا پێکەوە بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا، ئاماژەیەکی سیاسیی بەهێزە بەوەی دەکرێت ئێستا سەرەتایەکی سیاسیی نوێ هەبێت و یەکێتیی ئەورووپا هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لەوەی داهاتوو، داهاتوویەکی ئازاد و ئارام بێت بۆ هەموو کەسێک. داهاتوویەکی باشتر بۆ سووریا بە واتەی گواستنەوەیەکی ئاشتیانەی فرەلایەنی دەسەڵات، ئاشتەوایی و ئاوەدانکردنەوە دێت. ئەمەش پێویستی بە گفتوگۆی سیاسییە کە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان تێیدا بەشدار بن و ژنان و پیاوان بە یەکسانی تێیدا بەشدار بن. پێویستە هەمووان لە پڕۆسەی دەستووری و حکومەتی داهاتووی سووریادا بەشدار بن.
ئێمە لە زۆر شوێن گوێمان لێبوو، نەک تەنیا لە خەڵکی سووریا لە ئەورووپا، بەڵکو خەڵکی سووریا کاتێک پێش کریسمس لە تورکیا بووم، هەروەها ئەمڕۆ لێرە، ئەوان بە روونی دەڵێن، مافەکانی ژنان پێوەرن بۆ داهاتووی هەموو کەسێک لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا. نەک تەنیا ئێمە، بەڵکو زۆر سووریایی بە گوێرەی کردارەکان بڕیار لەسەر سەرکردە نوێیەکانیان دەدەن. لە گفتوگۆکانی ئەمڕۆماندا، ئێمە روونمانکردەوە کە ئەورووپا پشتیوانی دەکات، بەڵام ئەورووپا نابێتە پارەدارکەری دامەزراوە ئیسلامییەکان. ئێمە بەرامبەرەکانمان هاندان بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی نەتەوە یەکگرتووەکان ببینن بۆ پڕۆسەیەکی سیاسیی فرەلایەن.
رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەی چەکە کوشندەکانی ئەسەد و بە زووترین کات لەنێویانببات. دوای چەندین ساڵ لە نەهامەتی و دڕندەیی، دادپەروەری و لێپرسینەوە گرنگن. ئەوەی کە رژێمی ئەسەد دەیکرد، ئەمڕۆ ئێمە لە سێدنایا بینیمان، کە ئەوە تەنیا بەشێکی کەمی ئەو ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونییە بوو کە لەوێ روویداوە. زیاتر لە 100 هەزار کەس هێشتا بێسەروشوێنن بێ ئەوەی هیچ سۆراخێکیان هەبێت. خێزانەکان بەهۆی نادیاریی چارەنووسیان لە ئازاردان. هەبوونی میکانزمێک بۆ لێپرسینەوە دەکرێت یارمەتیی خەڵکی سووریا بدات بەرەبەرە برینە قووڵەکانیان ساڕێژببنەوە. پێویستە ئەم پڕۆسە سووریاییە لە دەرەوە دانەبڕدرێت.
پێویستە هەموو دراوسێکانی سووریا رێز لە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی سووریا بگرن. ئاساییشی کوردیش گرنگە بۆ سووریایەکی ئارام. ئەمەش پێویستی بە کۆتاییهێنان بەو شەڕەیە کە لە باکوور هەیە و هەروەها پێویستی بە ئاوێتەکردنی هێزە کوردییەکان و سوپای نیشتمانیی سووریایە بۆنێو پێکهاتەی نوێی ئەمنیی سووریا کە ئاساییشی راستەقینە بۆ هەموو لایەنێک دابین دەکات. دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتی زۆرینە کورد، هەنگاوێکی سەرەتایی گرنگە بەم ئاراستەیەدا.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *