شاندێکی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەردانی دیمەشقی کردووە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی قۆناخی راگوزەری سووریا کۆبووەتەوە. بەسام ئیسحاق، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن دەڵێت، باسی بابەتی سەربازیی کراوە.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەزاری بەرپرسێکی باڵای سوریاوە بڵاویکردەوە: “رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەک لەنێوان بەرپرسانی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە ) و ئەحمەد شەرع لە دیمەشق ئەنجام دراوە.”
کۆبوونەوەکە بە یەکەمین کۆبوونەوەی هەسەدە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا دادەنرێت.
بەرپرسەکە کۆبوونەوەکەی بە “ئەرێنی” ناوبردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە: “کۆبوونەوەیەکی سەرەتایی بوو و بۆ ئەوە بوو کە بناغەی کۆبوونەوەی زیاتر دابندرێت.”
بە وتەی ئەو بەرپرسە کە بۆ ئاژانسە فەرەنسیەکە قسەی کردووە، “هەردوو لایەنەکە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن بۆ ئەوەی بگەن بە لێکتێگەیشتنی زیاتر و لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکە ئەنجام بدەن.”
بەسام ئیسحاق، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە)ش لە واشنتن بە میدیاکانی وتووە، لە کۆبوونەوەکەدا باسی بابەتی سەربازیی کراوە.
هەسەدە بریتییە لە هێزی سەربازیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە بەشێکی زۆری رۆژئاوای کوردستان و هەندێک ناوچەی زۆرینە عەرەبنشینی وەک رەققە و دێرەزووری لەژێر دەسەڵاتدایە، مەسەدەش نوێنەرایەتی سیاسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات.
لە ئێستادا هەسەدە خاوەنی هێزێکی کاریگەریی سەربازییە و نزیکەی 35%ی خاکی سووریای لەژێر کۆنترۆڵدایە.
29ی ئهم مانگه، ئهحمهد شهرع لە چاوپێكهوتنێكی میدیایی دا، ڕایگهیاند، پێویستە هێزهكانی سوریای دیموكرات بخرێنە ناو سوپای نوێی نیشتمانییەوە کە بڕیارە لەسوریا دروست بکرێت.
ئهحمهد شهرع وتیشی، “چەک دەبێت تەنها بەدەست دەوڵەتەوە بێت، هەرکەسێکیش چەکدار بێت و شایستەی پەیوەندی بە وەزارەتی بەرگرییەوە بێت، ئێمە پێشوازی لێدەکەین، ههربۆیه بەپێی ئەو مەرج و ڕێسایانە گفتوگۆیەکی دانوستان لەگەڵ ههسهده دهكهین بۆ ئەوەی چارەسەرێکی گونجاو بدۆزینەوە”.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *