جۆینی تیلیگرام بن

مەسعود بارزانی پەیامێكی نوێی ئاراستەی بەغدا کرد

مەسعود بارزانی پەیامێكی نوێی ئاراستەی بەغدا کرد

مەسعود بارزانی، رایگەیاند، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە زوترین كات پێكبهێندرێت بۆ ئەوەی پلان و بەرنامەكانی بۆ خزمەتكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان جێبەجێبكات، هەروەها دەشڵێت، “لەچوارچێوەی دەستور و ڕێككەوتنەكان لەڕێگەی دیالۆگ و هەماهەنگیەوە كێشە و گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێن”.

مسعود بارزانی، ئەمڕۆ سێشەممە لە پەیامێكدا بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی ڕایگەیاند، “بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هاوڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم، پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەمو لایەك دەخوازم”.

دەقی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی:

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك دەخوازم.

جێگەی خۆشحاڵییەكی زۆرە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ئۆكتۆبەری ڕابردوو بە سەركەوتوویی ئەنجام درا و لەم هەڵبژاردنەدا گەلی كوردستان پەیام و ویستی خۆی بەڕوونی گەیاند. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش دەبێ وەڵامی دەنگ و داواكاریی خەڵكی كوردستان بدرێتەوە، ئەویش لەڕێگەی پێكهێنانی هەرچی زووتری كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم پلان و بەرنامەكانی بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات.
جەختیش لەوە دەكەینەوە پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێككەوتنەكان و لەڕێگەی دیالۆگ و هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكرێن و چیتر كۆسپ و تەگەرە بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان دروست نەكرێن.

لەكاتێكدا بەرەو دەستپێكی ساڵی تازە دەڕۆین كە ناوچەكەمان بە بارودۆخی هەستیاردا تێدەپەڕێت. ڕووداو و گۆڕانكارییەكانی سووریا لەگەڵ ئەوەی كاریگەریی لەسەر بارودۆخی ناوچەكەمان و هاوكێشەكان دادەنێت لەهەمانكاتیشدا دەرفەتێكی تازەیە بۆ گەلانی سووریا كە لە ڕێگەی دیالۆگ و لەیەكتێگەیشتندا بنەمایەكی پتەو بۆ پێكەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیریی بنیات بنێن. ناوچەكەمان چیتر بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری ناگرێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەك پشت بە زمانی دیالۆگ و لەیەكترتێگەیشتن ببەستن و لە نكۆلیكاری و دەمارگیریی نەتەوەیی و ئایینی دوور بكەونەوە. دەبێ هەموو لایەك بزانن خۆسەپاندن ئەنجامی نابێت.

هیوادارین لەساڵی تازەدا ئاشتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت. لە خودای گەورە داواكارم گەلەكەمان لە هەموو جۆرە نەخۆشی و نەهامەتی و كارەسات بەدوور بێت.

مسعود بارزانی
31ی كانوونی یەكەمی 2024

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو