ماوەی زیاتر لە مانگێگە ئێران هەناردەی غازی بۆ عیراق و هۆكارەكەی بۆ نۆژەنكردنەوەی بۆری گواستنەوەی غاز گەڕاندوەتەوە و شارەزاییەكی ئابوریش ڕایگەیاند، هۆكاری ڕاستەقینەی ڕاگرتنەكە بۆ کەمی غاز لەناوخۆی ئێران دەگەڕێتەوە و دابەزینی پلەكانی گەرما پێویستیەكانی ناوخۆی ئەو وڵاتەی زیادكردوە، دەشڵێت، “پێویستە عێراق جێگرەوەیەكی دیكە بۆ غازی ئێران بدۆزێتەوە و لە توركمانستان یاخود قەتەرەوە غاز هاوردە بكات”.
نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابوری ئەمڕۆ یەكشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوو هۆكار بۆ ڕاگرتنی غازی ئێران بۆ عێراق هەیە و هۆکارە ڕاستەوخۆ و ئاشکراكە ئەوەیە كە ئێران ڕاگرتنەكەی بۆ نۆژەنكردنەوەی بۆری گواستنەوەی غاز گەڕاندوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەڵام ئەو هۆكار زۆرباوەڕ پێكەر نیە، چونكە ئێران بەگوێرەی ڕێككەوتننامە فەرمیەكان عێراقی ئاگاداركربوە كە ڕاگرتنەكە بۆ 15 ڕۆژە، بەڵام ئەوە زیاتر لە مانگێك تێپەڕێوە و هێشتا هەناردەكردن دەستی پێنەكردوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، هۆکاری ڕاستەقینەی ڕاگرتنی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ کەمی غاز لەناوخۆی ئەو وڵاتە، لەگەڵ دابەزینی خێرای پلەکانی گەرما و زیادبونی پێویستی گەرمکەرەوە، وایانكردوە خواست لەسەر غاز لە ناوخۆدا زیاتر بێت.
ئەوەشی خستەڕو، رۆژانە چەند کاتژمێرێک کارەبا لە تاران و ژمارەیەک پارێزگای دیكەی ئێران دەبڕێت، نزیکەی 80 وێستگەی کارەبا لە کۆی گشتی نزیکەی 600 وێستگە کارکردنیان وەستاندوە و دابینکردنی غازی سروشتی و سوتەمەنی شل کەمیکردوەتەوە.
بەگوێرەی وتەكانی ئەو شارەزایی ئابورییە، “پێدەچێت دبینكردنی غازی ئێران بۆ عێراق بەرەو كۆتایی بچێت، بەتایبەتی دوای بێ توانایی ئێران لە پابەندبونەكانی بە رێككەوتنی بڕی 50 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێكدا بۆ عێراق”.
دەشڵێت، “عێراق دەبێت جێگرەوە بۆ غازی ئێران بدۆزێتەوە، چ لە هاوردەکردنی لە وڵاتانی دیکەی وەک تورکمانستان و قەتەر، یان بەگەڕخستنی هەمو کێڵگەکانی غاز و غازی ئازاد و خێراکردنی دروستکردنی وێستگەی کارەبایی کە پشت بە وزەی خۆر دەبەستێت”.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *