جۆینی تیلیگرام بن

لە 9 مانگدا بەغدا نزیکەی نۆ تریلیۆن دینارى بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە

لە 9 مانگدا بەغدا نزیکەی نۆ تریلیۆن دینارى بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە
وەزارەتى دارایی عێراق لە 9 مانگدا 8.8 تریلیۆن دیناری لە پشکى هەرێمى کوردستان ناردووە، کە زیاتر لە 7.7 تریلیۆن دینارى بۆ مووچە بووە، تێکڕاى ئەو پارەیەى نێردراوە 9.3%ـی خەرجییەکانى عێراق بووە لەو ماوەیەدا. 
 
بەگوێرەى راپۆرتى خەرجى و داهاتى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ، تاوەکو مانگى ئەیلوول، 8 تریلیۆن و 858 ملیار و 932 ملیۆن و 312 هەزار و 480 دینار وەک خەرجى راستەقینە بۆ هەرێمى کوردستان نێردراوە.
لەو بڕە، 6 تریلیۆن و 285 ملیار و 764 ملیۆن و 430 هەزار دینارى بۆ مووچەى فەرمانبەران بووە، ئەوە جگە لە یەک تریلیۆن و 513 ملیار و 799 ملیۆن و 694 هەزار دینارى دیکە، کە بۆ مووچەى خاوەنپێداویستى تایبەت، چاودێریی کۆمەڵایەتى، زیندانیانى سیاسیى و شەهیدان بووە.
جگە لە پارەى مووچە، بەگوێرەى خشتەى خەرجییەکانى وەزارەتى دارایی فیدراڵ، 107 ملیار و 485 ملیۆن دینارى بۆ چاککردنەوە بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.
بەگوێرەى خشتەکە 225 ملیار و 811 ملیۆن دینار بۆ پێداویستیی خزمەتگوزارى و 249 ملیار و 253 ملیۆن دینارى دیکە بۆ پێداویستیی کەرەستە و 75 ملیار و 407 ملیۆن و 310 هەزار دینارى دیکەش لە پشکى بودجەى سەرمایەدارى بۆ هەرێمى کوردستان خەرج کراوە.
شیروان میرزا، ئەندامى پێشووى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە میدیای پارتی راگەیاند، خەرجیی سەرمایەدارى پارەى ژێرخانى پڕۆژەکانە، خەرجیی خزمەتگوزاری و کەرەستە، تایبەتن بە پێداویستیی ماددیی فەرمانگەکان و هێڵى ئینتەرنێت و پێداویستى لەو جۆرە.
لەو 9 مانگەدا، وەزارەتى دارایی عێراق 401 ملیار و 411 ملیۆن دینارى دیکەى وەک پارەى کۆمەک بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە، لەکاتێکدا لەکۆى خشتەکانى بودجە، هیچ بڕە پارەیەکى وەک خەرجیی وەبەرهێنان بۆ خەرج نەکراوە.
تێکڕاى ئەو پارەیەى بۆ هەرێمى کوردستان نێردراوە، 9.3%ـی تێکڕاى خەرجیی عێراق بووە لەو نۆ مانگەدا، هەروەها 42.3%ـی تێکڕاى پشکى بودجەکەى بووە بۆ ساڵى 2024 کە بە 20.9 تریلیۆن دینار دیاری کراوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو