جۆینی تیلیگرام بن

پەرلەمانی کوردستان چی بەسەر هات؟

پەرلەمانی کوردستان چی بەسەر هات؟

٧رۆژ: رێبوار حەمەلاو ئەحمەد

ماوەی زیاتر لە مانگێکە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کراوە بەڵام تا ئێستا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵنەبژێردراون و هاوشێوەی رابردوو هەموان لە چاوەڕوانی پارتی و یەکێتیدا ماونەتەوە.

هەرچەندە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان پێش هەڵبژاردن بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە خولی ئەمجارە جیاواز دەبێت و رێگە نادەن پارتی و یەکێتی هاوشێوەی رابردوو تەواوی جومگەکانی حوکمڕانی قۆرغ بکەن بەڵام لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان لای لایەنێکە کە وەک ئۆپۆزسیۆن خۆی دەناسێنێت نەیتوانیوە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان رێک بخات.

بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکان تا ئەو کاتەی دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێردرێت لای بە تەمەنترین پەرلەمانتار دەبێت، بەوەش پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ کراوەتە سەرۆکی کاتی پەرلەمان.

نەوەی نوێ.. بەردەوام گومانی پەیوەندی ژێر بە ژێری لەگەڵ پارتی و یەکێتی هەبووە ئێستا لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان بێدەنگەی لێ کردووەو فشار بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەی یەکەم دروست ناکات.

سەرەتای ئەم مانگە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ سوێندخواردنی پەرلەمانتاران بەڕێوەچوو و تێیدا ژمارەیەک کاندیدی پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێ خۆیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کاندید کرد.

بە گوێرەی وتەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن نەوەی نوێ چووەتە ناو یارییەکانی پارتی و یەکێتییەوە و نیازی ئەوەی هەبووە دەستەی سەرۆکایەتی لە دانیشتنی یەکەمدا لە بەرژەوەندی یەکێک لەو دوو لایەنە پێک بهێنێت بەڵام بەهۆی بایکۆتی کۆبوونەوەکە لە لایەن پەرلەمانتارانی یەکێتییەوە هەوڵەکە شکستی هێنا.

لە دوو هەفتەی رابردووشدا وەک خاڵی کردنەوەی بەرپرسیارێتی سەر شانی لە رێگەی میدیاکانی ئەو حیزبەوە بانگەشەی کۆبوونەوەی پەرلەمان کرا بەڵام کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا.

ئێستا هەموان لە چاوەڕوانی رێککەوتنی پارتی و یەکێتین تا پەرلەمان کۆ بێتەوە و کابینەی نوێی حکوومەتیش دامەزرێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوی دوایین کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی هەردوولا رێککەوتوون لیژنەیەکی هاوبەش بۆ نووسینەوەی شێوازی پێکهێنانی حکوومت پێک بهێنرێت بەڵام دیار نیە کەی لیژنەکە دەست بەکاردەبێت.

دواخستنی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دووبارەکردنەوەی ئەزموونی شکستخواردووی چەند ساڵی رابردووی ئەو دوو حیزبە دەسەڵاتدارانەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پەرلەماندا.

ئەوەی خولی ئێستا لە خولەکانی رابردوو جیا دەکاتەوە ئەوەیە ئێستا هیچ ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینە لەناو پەرلەمان هەستی پێ ناکرێت بەڵکو ئەوەی هەیە لە گۆشەیەکەوە لەگەڵ پارتی و یەکێتی رێککەوتوون.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو