جۆینی تیلیگرام بن

ئەنەکەسە و مەزڵوم عەبدی لەبارەی هەڵوێستی یەکگرتوویی کورد کۆبوونەوە

ئەنەکەسە و مەزڵوم عەبدی لەبارەی هەڵوێستی یەکگرتوویی کورد کۆبوونەوە
کۆبوونەوەی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سەرکردەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد کۆتایی هات، وتەبێژی ئەنەکەسە دەڵێت: “کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو” و رێککەوتن کۆبوونەوەی دیکە بکەن.
کۆبوونەوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی تل بەیدەر لە گوندەواری باکووری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو.
دوای کۆبوونەوەکە ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد- ئەنەکەسە راگەیێندراوێکی بەناوی راگەیێندراوی هاوبەشی نێوان ئەنەکەسە و فەرماندەی هەسەدە بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: “بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دیدارێک لە نێوان فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات مەزڵووم عەبدی و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێکردنی دروستکردنی هەڵوێستێکی یەکگرتووی کورد لە چوارچێوەی سووریای نوێدا.”
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنەکەسە، لایەنەکان رێککەوتن لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی دیدارەکان بە خێرایی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
کۆبوونەوەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە و سەرکردەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد- ئەنەکەسە، بە نێوبژیوانی شاندێکی ئەمریکی – فەرەنسی بوو.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە راگەیێندراوێکی لە بارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “ئەمڕۆ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەنەکەسە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەمریکا و فەرەنسا کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکە پرسی یەکڕیزیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان گفتوگۆی لەسەر کرا.”
فەیسەل یوسف، وتەبێژی ئەنەکەسە، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بە میدیای پارتی راگەیاند: “کۆبوونەوەی ئەنەکەسە و مەزڵووم عەبدی ئەرێنی بوون و رێککەوتین دیالۆگ بەردەوام بێت. لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکە لە نێوان هەردوولا دەکرێت.”.
ئامانجی کۆبوونەوەکەی دوو لایەنەکەی رۆژئاوای کوردستان، نزیککردنەوەی بۆچوونەکان بوو بە مەبەستی پێکهێنانی شاندێکی یەکگرتووی کورد، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی کاتی سووریا.
شاندێکی فەرەنسی – ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستان هەوڵی لێکنزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکان دەدەن و پێشتر بە جیا لەگەڵ ئەنەکەسە، پەیەنەکە و مەزڵووم عەبدی کۆبوونەتەوە. ئەمڕۆش هەردوو لایەنەکەی رۆژئاوای کوردستان (ئەنەکەسە و پەیەنەکە)یان کۆکردنەوە.
دیالۆگی کوردی – کوردی لەنێوان هەردوو لایەنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیانە، سەرەڕای لێکتێگەیشتنی پێشوو، لە ساڵی 2021ـەوە گفتوگۆکانیان راگیراون.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو