جۆینی تیلیگرام بن

ئەحمەد شەرع: رێگە نادەین هیچ هێزێکی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەبێت

ئەحمەد شەرع: رێگە نادەین هیچ هێزێکی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەبێت
ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام دەڵێت، “بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین هێزی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەبێت، جا ئەوانە چ گرووپە شۆڕشگێرەکان بن، یانیش ئەو گرووپانەی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمەشق کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییان کرد.
سەرکردەی دیفاکتۆی سووریا لەبارەی لەچەک داماڵینی گرووپە چەکدارەکان، دەڵێت: “دەبێت ئەم بابەتە بە زووترین کات کۆتایی بێت. کاری لەپێشینەمان گەڕاندنەوەی چەکە بۆ ژێر دەسەڵاتی وڵات.”
ئەحمەد شەرع دەڵێت، تورکیا دۆستی گەلی سووریایە و “لە سەرەتای شۆڕشەوە لەگەڵمان وەستاوە.. لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسمان لە بەهێزکردنی حکومەتی داهاتووی سووریا کرد.”
ئەحمەد شەرع داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا هەڵبگیرێن.
لای خۆیەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمەشقەوە رایگەیاند: “سووریای داهاتوو هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستیی تێدا نابێت.. یەپەگە و پەیەدە دەستیان بەسەر رووبەرێکی گەورەی خاکی سووریا دا گرتووە.. بیانووی ئەوەی کە پەکەکە و پەیەدە شەڕی دژی داعش دەکەن، بیانوویەکی قبووڵنەکراوە.”
هاکان فیدان هاوکات وتیشی کە لەگەڵ ئەحمەد شەرع “جەختمان لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کرد. رێگە بە هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی نادەین لە سووریا بمێنێتەوە.. یەپەگە و پەکەکە هیچ شوێنێکیان لە داهاتووی سووریا دا نابێتەوە.”
وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی: “لەگەڵ ئەحمەد شەرع باسمان لە سەقامگیریی سووریا و گەڕانەوەی پەنابەران کرد.”
هاکان فیدان دەشڵێت: “لەگەڵ گەلی سووریا دەوەستین و بەتەنیا جێیانناهێڵین.. پێویستە لەسەر جیهانی عەرەبی پەیوەندی بە سەرکردایەتیی نوێی سووریاوە بکەن.”
هاکان فیدان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی سووریا رایگەیاند: “گرنگە حکومەتێک پێکبهێندرێت پارێزگاری لە کەمینەکان بکات و دەستوورێکی نوێ دابڕێژرێت کە رێز لە هەموو تایفەکانی نێو سووریا بگرێت.”

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو