قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە کۆبونەوەی لەگەڵ ژەنەراڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا رایگەیاند، پێویستە کورد مافەکانی پارێزراوبێت، دەشڵێت، “دەبێت کورد لەم بارودخەدا یەکگرتو و یەکدەنگ بێت و پێگە و مافەکانی لە سوریایەکی یەکگرتو و دیموکراتی گەرەنتی بکرێت”.
نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژەنەراڵ کێڤن لێیهی فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە هەولێر كۆبوەوە و تاوتوێی دواین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و بە تایبەتیش دۆخی سوریا کرا.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، سەرباری دەرکەوتنی هەندێک ئاماژەی ئەرێنی لە سوریاوە، بەڵام بارودۆخەکە بە گشتی هەستیارە، هیوای خواست لە سوریای نوێدا مافی هەمو پێکهاتەکان و بە تایبەتیش مافەکانی کورد پارێزراوبێت.
سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستانیش، دەڵێت، “پێویستە کورد لەم بارودخەدا یەکگرتو و یەکدەنگ بێت و پێگە و مافەکانی لە سوریایەکی یەکگرتو و دیموکراتی گەرەنتی بکرێت”.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باسی مەترسی گروپە تیرۆریستییەکان و بە تایبەتیش داعش بۆسەر سەقامگیری ناوچەکە کرا و هەردولا هاوڕابون کە داعش هێشتا مەترسییەکانی گەورەیە، هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد کە بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی تیرۆریستانی داعش.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باسی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کرا و دواین کۆبونەوەی شاندی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی بە ئەرێنی هەڵسەنگێندران و جەختیش کرایەوە لەسەر، “هەنگاوی کردەیی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەمو هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان”.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *