سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ هەرێم لێكگەیشتنیان هەیە سەربارەت بە یەكخستن و گەیشتن بە رێككەوتنی پەیوەست بە نرخەكانی نەوت، بۆ ئەوەی هەرێم دەستبكاتەوە بە دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت، دەشڵێت، “ئەوەی پێیگەیشتوین رەزامەندییەكی سەرەتاییە بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم گرێبەستەكانی بگونجێنێت”، لیژنەی نەوت و گازیش دەڵێت، “لەگەڵ چارەسەرکردنی بارودۆخی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمداین”
عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، ئەو سەردانانەی پێشتر شاندی پەرلەمانی عێراق بۆ هەولێر ئەنجامیدا، ئامانجی گەیشتن بووە بە ئەنجامێكی باش و لێكگەیشتنێكی پەسەند لەلایەن بەغدا و هەولێرەوە، سەبارەت بە داهاتە نەوتی و نانەوتیەكان و گونجاندنی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا بیانیەكان ئەنجامیداوە بۆ دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت.
باسی لەوەشكرد، ئەوەی پێیگەیشتون رەزامەندییەكی سەرەتاییە بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم گرێبەستەكانی بگونجێنێت، بەجۆرێك لەگەڵ دیدی دەستوردا هاوتەریب بێت، جۆری گرێبەستەكانیش لە هاوبەشی بەرهەمهێنانەوە بگۆڕێت بە هاوبەشی لە قازانج.
ئەوەشی خستەڕو، “لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزارەتی نەوت کۆبوەتەوە و تاوتوێی ئەو پێشنیازانەیان کردوە، هەروەها لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتەكە و لیژنەی دارایی هەوڵدەدات چارەسەرێك بدۆزێتەوە سەبارەت بە گەیاندنی داهاتە نانەوتییەکان”.
سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکرد “حكومەتی هەرێم باسی لە هەندێك ژمارەكردوە كە جیاوازە لەوەی حكومەتی فیدراڵ باسی كردوە، لەوبارەیەوە بەدواداچون بۆ داتاكان دەكەین، لە دیدارەكانیشیمان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم جەختمان كردوە لەسەر یەكخستنی تاریفەی گومرگی و یەكخستنی دەروازەكان بۆ رێكخستنی داهاتەكان و رێگەگرتن لە خۆدزینەوەی لە باج و بە ئەلەكترۆنیكردنی داتاكان، هەروەك جەختمان كردووە لەسەر تەوتین كردنی موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم”.
هاوکات د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەكەی ڕایگەیاند، لیژنەی دارایی بە ئامادەبونی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمان و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت، کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی هەموارکردنەوەی مادەی 12/بڕگەی دووەم ج لە یاسای بودجەی فیدراڵی سەبارەت بە هەموارکردنەوەی تێچوی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت، “گفتوگۆ لەنێوان لیژنەی دارایی و ئەندامانی لیژنەی نەوت و وەزارەتی نەوت دەکرێت سەبارەت بە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم هەموارکردنەوەیە و گفتوگۆکان بەردەوامن تا ڕاپۆرتی کۆتایی لەسەر هەموارکردنەکە ئامادە دەکرێت”.
لەلایەكی دیكەوە پێشتر عەدنان جابری جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندبو، لیژنەکە لەگەڵ چارەسەرکردنی بارودۆخی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندایە، چونکە وڵات پێویستی بەو بڕە هەیە کە لەوێ بەرهەمدەهێنرێت، جگە لە ڕێکخستنی دۆخی پەیوەندی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لەهەموارکردنە پێشنیارکراوەکەدا هاتووە قەرەبوی ئەو کۆمپانیایانەی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن لەلایەن کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتییەوە دیاری دەکرێت، کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی و تێچوی بەرهەمهێنان، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە چارەسەری ئەم دۆخە بکەین”.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *