وتەبێژی یەکێتی دەڵێت، سبەی یەکێتی و پارتی لە پیرمام کۆببنەوەو پرسی سەرەکیی کۆبوونەوەکە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەبێت و دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش تاوتوێ دەکرێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە میدیاکانی راگەیاند “لەوانەیە سبەی یەکێتی و پارتی لە مەسیف بە میواندرایی پارتی کۆببنەوە.”
لەبارەی تەوەری کۆبوونەوەکە سەعدی ئەحمەد پیرە وتی: ”بێگومان پێکهێنانی حکومەت پرسی سەرەکیی کۆبوونەوەکەیە و ئەو دوو شاندەش بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەت و دەستبەکاربوونی پەرلەمان دامەزراون.”
هاوکات، دڵشاد شەهاب، سەرۆکی شاندی دانوستاندکاری پارتی بە میدیای پارتی وتووە، سبەی لە پیرمام لەگەڵ شاندی یەکێتی کۆدەبنەوە.
وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، جیا لە پرسی پێکهێنانی حکومەت، باس لە پێشهاتەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و دۆخی ئێستای ناوچەکە دەکرێت. ”دۆخێکی ئەمنیی هەستیارە، ئێمەش لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 100 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشمان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە.”
ئەوەشی خستەڕوو، بەگشتی عێراق نزیکەی 700 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ سووریا هەیە، ”بۆیە گرنگە زەوینە خۆش بکرێت بۆ کۆبوونەوەی دیکە لەسەر ئەم بابەتە، چونکە دۆخی ناوچەکە زۆر هەستیار بووە و ئێمەش نزیکین لە ئاگرەکە، گەلی ئێمە حەقە پارێزراو بێت و پڕیشکی بەرنەکەوێت.”
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *