مەسعود بارزانی دەڵێت، لێدوانی ئەحمەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی)، فەرماندەی دەستەی تەحریری شام لەبارەی گەلی کورد “جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێدەکەین.”
مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند: “لێدوانێکی بەڕێز ئەحمەد شەرعـم لەبارەی گەلی کورد لە سووریا بینی کە گەلی کوردی وەک بەشێک لە نیشتمان و هاوبەش لە سووریای داهاتوو وەسفکردبوو.”
لەو بارەیەوە بارزانی دەڵێت: “ئەم تیڕوانینە بۆ کورد و داهاتووی سووریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێ دەکەین و هیوادارین ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی مێژوو و راستکردنەوەی ئەو مامەڵە هەڵە و نادروستەی لەبەرانبەر گەلی کورد لە سوریا ئەنجام دەدرا.”
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەحمەد شەرع لە وەڵامی رۆژنامەوانێکدا رایگەیاند: “کورد بەشێکن لە نیشتمان، وەکو ئێمە ستەمێکی زۆریان لێکراوە، لە سووریای داهاتوودا هاوبەشی سەرەکی دەبن و لە ئەمڕۆ بەدواوە هیچ ستەمێکیان لێ ناکرێت.”
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوەشکرد: “سوپاس بۆ خوا بە لادانی رژێم ئەو ستەمە نەما کە لێمان دەکرا، پشت بەخوا، سووریای داهاتوو کورد تێیدا هاوبەشی سەرەکیی دەبێت، لە ئەمڕۆ بەدواوە دەروازەیەک و مێژوویەکی نوێ لە سووریا دەستپێدەکات.”
ئەو رۆژنامەوانە لەبارەی ئاوارەکانی عەفرینەوە پرسیار لە ئەحمەد شەرع دەکات، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: “هەوڵدەدەین ئاوارەکان عەفرین بگەڕێنەوە.”
مەسعود بارزانی دەڵێت: “ئەم جۆرە تیڕوانینە رێخۆشکەرە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی بەهێز و پێویستە کورد و عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی تری سووریا سوود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ ئەوەی پێکەوە لە دامەزراندنی سووریایەکی سەقامگیر و ئازاد و دیموکرات بەشدار بن.”
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *