جۆینی تیلیگرام بن

خەڵک چی دەوێت و وەزارەتی دارایی هەرێمیش خەریکی چیە؟

خەڵک چی دەوێت و وەزارەتی دارایی هەرێمیش خەریکی چیە؟

٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم ژمارەیەک بەرپرسی وەزارەتەکەی هێنایە سەر شاشەکان و پێچەوانەی ئەوەی چآوەڕێ دەکرا لە بری دیاری کردنی وادەی دابەشکردنی مووچە، وەڵامی دەزگایەکی میدیاییان دایەوە و وەزارەتی دارایی عێراقیان بەوە تۆمەتبار کرد کۆمپیوتەرەکانیان بەهۆی کۆنیەوە توانای خوێندنەوەی سی دییان نەبووە.

هەر زوو لێدوانی ئەو بەرپرسانەی وەزارەتی دارایی هەرێم، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی و بووە ترێندنی ئەمڕۆی سۆشیال میدیاکان.

بە گوێرەی بەدواداچوونەکان، هەڵەی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێم ماوەی ١١ رۆژی خایاندووە تا راستکراوەتەوە.. تەنانەت دوای راستکردنەوەشی جارێکی دیکە بە هەڵە نوسراوەکە ئاڕاستەی بەغدا کراوەتەوە.

هەڵەکە لە نوسراوی  تایبەت بە٤٣٠ ملیار دینارەکەی پشکی هەرێمی کوردستان روویداوە کە تێیدا داوا کراوە ئەو بڕە پارەیە لە چاودێری کۆمەڵایەتییەوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگوازرێتەوە تا کورتهێنانی مووچە چارەسەر بکات.

ئەم وەزارەتە لە بری ئەوەی بە خێرایی و بێ کەموکورتی کاروبارەکانیان بەڕێ بکەن تا بیانوو نەدەنە دەست بەغدا لە دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، کەچی نوسراوێکی هەڵەیان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە و تێیدا لە بری ٤٣٠ ملیار داوای ٤٣٠ ملیۆن دیناریان کردووە.

راستکردنەوەی ئەم هەڵەیە ماوەی ١١ رۆژی خایاندووە، بەوەش ١١ رۆژ زیاتر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دواکەوتووە! لە کاتێکدا زۆرینەی مووچەخۆران تاکە بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو مووچەیە کە ئێستا ماوەی زیاتر لە ٧٠ رۆژە وەریان نەگرتووە.

ئەمە دووەمین جارە هەڵەی لەوشێوەیە بەسەر وەزارەتی دارایی هەرێمدا تێپەڕدەبێت و بەهۆیەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوادەکەوێت.

پێشتریش بەهۆی ناردنی زانیاری هەڵە لە سەر داهاتی ناوخۆی هەرێم کێشە بۆ رەوانەکردنی مووچە دروستبوو.

سەرەڕای ئەم کەموکوڕییە ئیداریانە، بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی بە توانجەوە باسی لەوە کرد کۆمپیوتەرەکانی وەزارەتی دارایی عێراق توانای خوێندنەوەی داتا پێشکەوتووەکانی وەزارەتەکەیانی نەبووە بۆ چارەسەری ئەوەش پێنج مانگی خایاندووە.

ئەم وتەیە هەر زوو بووە مایەی گاڵتەجاری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چونکە پێیان وایە وەزارەتی دارایی و حکوومەتی هەرێم لە پێگەیەکدا نین کە توانج لە بەرپرسانی عێراق بدەن.

سەرەڕای ئەوەش خەڵک چاوەڕوانی لە وەزارەتی داریی ئەوە بوو لیستی مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ رابگەیەنێت نەوەک وەڵامی دەزگایەکی راگەیاندن بداتەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو