٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
سوپای عێراق بەردەوامە لە رەوانەکردنی هێز بۆ سەر سنوورەکان و میدیای ئێرانیش دەڵێت محەمەد شیاع سودانی رەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی هێزی عێراق لەناوخۆی سوریادا، لە پەرلەمان وەرگرتووە.
لەوەتەی شەڕی سوریا دەستی پێ کردووە عێراق کەوتووەتە خۆی و دەستی بە رەوانەکردنی هێزە جۆراوجۆرەکانی بۆ سەر سنوورەکانی لەگەڵ سوریا کردووە.
بردنی ئەو هێزە زۆرە گومانی ئەوەی دروستکردووە ئامانجەکەی پاراستنی سنوورەکان نەبێت بەڵکو دەستوەردان بێ لە شەڕی سوریا بە ئامانجی پشتیوانی کردن لە بەشار ئەسەد.
هێزە شیعییەکانی عێراق بە بێ جیاوازی پشتیوانی خۆیان بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد سەرۆکی رژێمی سوریا نیشانداوە بۆیە گومانی ئەوە دەبرێت بیانەوێت عێراق لەو شەڕەی کە سوریای گرتوەتە تێوە بگلێنن.
میدیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویانکردەوە پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوە نهێنییەکەیدا رەزامەندی داوە بە سودانی تا سوپای وڵات لە سوریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان بەکاربهێنێت.
هەرچەندە ئەم زانیارییە لەلایەن هیچ پەرلەمانتار و مییدیایەکی عێراقییەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە بەڵام بردنی ئەو هێزە زۆرە بۆ سەر سنوورەکان گومانەکانی لەوبارەوە زیاتر کردووە.
بڵاوبوونەوەی ئەم زانیاریە لە کاتێکدایە رۆژی رابردوو محەمەد شیاع سودانی چووە پەرلەمان و لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا دۆخی ئەمنی و ئامادەکارییەکانی لە سەر سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سوریا تاوتوێ کرد.
هاوکات سوپای عێراق ئەمڕۆش جارێکی دیکە هێزی نوێی بۆ سەر سنوورەکانی سوریا گواستەوە.
جگە لە سوپای عێراق، حەشدی شەعبی و پاسەوانی سنووریش بۆ سەر سنوورەکان گوازراونەتەوە.
هێزە جۆراوجۆرەکانی عێراق بە سێ ئاست لە سەر سنوور جێگیر کراون، لە بەرەی پێشەوە سوپای عێراق و دواتر پاسەوانی سنوور و پاشان هێزەکانی حەشدی شەعبی جێگیرکراون.
تێوەگلانی عێراق لە شەڕی سوریا کاریگەری مەترسیداری لەسەر ئابوورییەکەی و بەهای دراوەکەی دەبێت بەوپێیەی بە فەرمی دەکەوێتە بەرەی روسیاو و ئێران و هاوپەیمانەکانیانەوە.
جیا لەوە لە چەند رۆژی رابردووشدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا چەند جارێک لە سنوورەکانی نێوان عێراق و سوریا بۆردوومانی چەکدارە میلیشیاکانی کردووە کە نیازی ئەوەیان هەبووە بۆ ناو خاکی سوریا دزە بکەن.
پێشبینی دەکریت لە ئەگەری بەردەوام بوونی شەڕی سوریا ئاگری شەڕەکە عێراقیش بگرێتەوە و کاریگەری راستەوخۆی لە سەر هەرێمی کوردستانیش هەبێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *