بەشێکی مامۆستایان و فەرمانبەرانی چەند فەرمانگەیەک لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە بایکۆتیان راگەیاندووە.
چوار رۆژە جگە لە بەشێکی مامۆستایان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، لە بەشێکی فەرمانگەکانی پارێزگای سلێمانی بایکۆت دەستیپێکردووە و بەردەوامە، لەوانە بنکە تەندروستییەکان و دادنووسەکان.
ئاوات محەممەد، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە سلێمانی بە٧ڕۆژی راگەیاند “بایکۆتی مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە و لە تەواوی سنووری پارێزگاکەمان بەردەوامە”.
وتیشی، ئەمڕۆ دەستەی مامۆستایانی ناڕازی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییان دەبێت و تێیدا چالاکییەکانی دواتری مامۆستایان دەخەنەڕوو، کە”ئەگەر هەیە یەکشەممە خۆپێشاندان بکرێت”.
هاوکات دڵشاد میرانی، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی بە ٧ڕۆژی راگەیاند “بایکۆت بەردەوامە، دابەشکردنی مووچەش زیاتر دوابکەوێت بایکۆت فراوانتر دەبێت.”
لە هەمان سنوور لە زۆربەی قوتابخانەکان دەوام ئاساییە. هەروەها لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک هیچ بایکۆتێک نەکراوە.
بایکۆت لەکاتێکدایە، تا ئەمڕۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 10 و 11ـیان وەرنەگرتووە و 48 رۆژ بەسەر دابەشکردنی دوایین مووچە (مووچەی مانگی ئەیلوول) تێپەڕیوە.
لە سنووری هەڵەبجەش ژمارەیەک مامۆستا بایکۆتی دەوامیان کردووە، بەڵام قایمقام دەڵێت “لە سنوورەکەمان بەهۆی بایکۆتەوە، تا ئێستا هیچ قوتابخانەیەک دانەخراوە.”
بەرپرسێک لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە میدیاکانی وتووە، “چەند رۆژێکە بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە کارمەندانی نەخۆشخانەی گشتیی و فریاکەوتنی کەلار، بایکۆتی دەوامیان کردووە. هەروەها فەرمانبەرانی دادنووسیش یەک رۆژ بایکۆتی دەوامیان کرد.”
لە سنووری ئیدارەی راپەڕینیش بەهۆی دواکەوتنی مووچە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە راگەیەندراوێکدا داوای بایکۆتی گشتییان کردووەو دەڵێن چەند ڕۆژ مووچە دواکەوت ئەوەندە ڕۆژ بایکۆتی دەوام بکەن.
حکومەتی عێراق 761 ملیاری دیناری بۆ مووچەی مانگی 10 ناردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “پارەکە کورتهێنانی هەیە” بۆیە تاوەکو ئەمڕۆ خشتەی مووچەی رانەگەیاندووە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *