وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تۆمارکردن بۆ دەرهێنانی کارتی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، “ئەمڕۆ تۆمارکردن بۆ دەرهێنانی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان لە 173 ناوەندی تۆمارکردن لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.”
پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران راگیرا و لە 15-10-2024 دابەشکردنی کارتی بایۆمەترییش راگیرا.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتی، “بڕیارمان دا لە ئەمڕۆوە دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری دەستپێبکەینەوە بۆ ئەوانەی کە وەریانگرتووەتەوە.”
پێش هەڵبژاردن، 110 هەزار کارتی بایۆمەتری دەنگدان کە چاپکرابوون لەلایەن خاوەنەکانیانەوە وەرنەگیرابوونەوە، لە هەولێر 25 هەزار و 846 کارت. لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، 72 هەزار و 400 کارت و لە پارێزگای دهۆکیش 12 هەزار و 139 کارت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *