جۆینی تیلیگرام بن

وتەبێژی هەسەدە: کوردەکانی دەورووبەری حەلەبمان بە سەلامەتی گواستنەوە

وتەبێژی هەسەدە: کوردەکانی دەورووبەری حەلەبمان بە سەلامەتی گواستنەوە
کوردەکان لە سووریا بۆ خۆپاراستن لە تەنگژە و پێکدادانەکان ناوچەکانی دەورووبەر و باکووری حەلەب، بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە چۆڵ دەکەن. وتەبێژی هەسەدە دەڵێت: “هەموویان بە سەلامەتی دەگوازینەوە”.
فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند: “گرووپێکی بچووک لە خەڵک بە سەرکەوتوویی بۆ شارۆچکەی تەبقە گواستراونەتەوە. ئاوارەکانی دیکەش لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی داهاتوو دەگوازرێنەوە”.
شارۆچکەی تەبقە سەر بە پارێزگەی رەققەیە و لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دایە. بەگوتەی فەرهاد شامی، کاروانێکی 200 ئۆتۆمبێلی لە کوردەکان بەرەو تەبقە بەڕێکراون.
لە ساڵی 2011ـەوە سووریا کەوتووەتە نێو جەنگی ناوخۆوە و لەوکاتەوە هێزە بیانییەکان و چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن لە جەنگەکە بەشداربوون. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 هەزار کەس کوژراون و نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکەش ئاوارە بوون.
لەلایەکی دیکەوە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە وتی، دەیانەوێت ئەو کوردانەی کە لە تەل رەفعەت و ناوچەکانی دیکەی حەلەب دەژین، بگوازنەوە ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
مەزڵوم عەبدی وتیشی: “لەگەڵ داڕووخان و کشانەوەی سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی، بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی لە نێوان ناوچەکانمان لە رۆژهەڵات و حەلەب و تەلڕەفعەت، دەستوەردانمان کرد بۆ ئەوەی گەلەکەمان لە کۆمەڵکوژی بپارێزین، بەڵام هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانەی داگیرکاری تورک پشتیوانییان دەکات، ئەو رێڕەوەیان پچڕاند.”
فەرماندەی گشتیی هەسەدە راشیگەیاند: “لە هەمان کاتدا بەرخودانی هێزەکانمان بۆ پاراستنی خەڵکەکەمان لە ناوچە کوردییەکانی شاری حەلەب بەردەوامە.”

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو