سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئاسایشی عێراق لە گرنگترین ئەولەویەتەکانی حکومەتە و هەر هەڕەشەیەک کە کاریگەری لەسەر خاک و سەروەری وڵاتەکە هەبێت، ڕوبەڕوی دەبنەوە، هەروەها فەرماندە سەربازییەکانی راسپارد کە سەردانی مەیدانیی یەکە سەربازییەکانی سەر سنور بکەن.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرپەرشتی کۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نوسینگەكەی، “لە میانی کۆبونەوەکەدا، بارودۆخی ئەمنی و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران، بەتایبەتی ڕوداوەکانی سوریا”.
ئاماژەی بەوەشكرد، سودانی لە بارودۆخی خاڵە سنورییەكانی عێراق-سوریای كۆڵیەوە و ستایشی ئەو ڕێوشوێنانەی کرد کە گیراونەتەبەر، هەروەها جەختی لە بەردەوامی بەدواداچونەكان كردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی سنورەکان و چڕکردنەوەی هەوڵە هەواڵگری و زانیارییەكان، هەروەها چاودێریکردنی ئەو جموجۆڵانەی کە لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانەوە لە ناو خاکی سوریادا ئەنجامدەدرێن”.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، سودانی فەرمانیداوە هەمو سەركردە سەربازییەكان ئامادەیی مەیدانییان هەبێت و بەدواداچون بۆ بوارەکانی بەرپرسیارێتی بکەن، بەتایبەتی لەسەر سنوری هاوبەش لەگەڵ سوریادا”.
ئەوەشی خستەڕو، “پێویستە ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییەكان و بەدواداچونی بەردەوام هەبێت بۆ لەناوبردنی ڕێكخراوە تیرۆرستیەكان و هەوڵدان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگیە ئەمنییەکان، ئاسایشی عێراق لە گرنگترین ئەولەویەتەکانی حکومەتە و هەر هەڕەشەیەک کە کاریگەری لەسەر خاک و سەروەری وڵاتەکە هەبێت، ڕوبەڕوی دەبێتەوە”.
لە کۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر “پێویستی یەکخستنی گوتاری نیشتمانی و بۆ ئەوەی هەمو دەزگاکانی ڕاگەیاندن ورد بن لە گەیاندنی زانیاریدا، و بە سەرکردایەتی ئەو دەنگۆیانە نەکرێن کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر ئاسایشی ناوخۆ هەبێت و ناسەقامگیری بکات”.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *