وتەبێژی پاسەوانی سنووری عێراق دەڵێت، “لە ئامادەیی تەواوداین. هەر مەترسییەک رووبەڕووی عێراق ببێتەوە، بەرپەرچی دەدەینەوە”.
عەقید حەیدەر کەرخی، وتەبێژی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق رایگەیاند، “هێزەکانی پاسەوانی سنوور بەدرێژایی سنوور لەگەڵ سووریا لەوپەڕی ئامادەییدان. چەکە قورسەکانیشمان ئامادەن. فەرمان لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە بۆ تووندوتۆڵکردنی دۆخی ئەمنیی نێوخۆ و هێڵەکانی پشتەوەی پاسەوانی سنوور دەرکراوە، چونکە ئەگەر ئاسایشی نێوخۆ پارێزراو بێت، سنوورەکانیش تووندوتۆڵتر دەبن.”
حەیدەر کەرخی دەڵێت، “ئامادەیی تەواومان بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە هێرشێک هەیە و هەر مەترسییەک رووبەڕووی عێراق بکرێتەوە، بەتووندترین شێوە بەرپەرچی دەدەینەوە.”
هاوکات محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا دەڵێت، “هێزی زۆری پشتیوانی رەوانەی پشت هێڵەکانی پێشەوەی سنووری سووریا کراوە، کە پێکدێن لە پۆلیسی فیدراڵی، دوو لیوای سوپا و دوو لیوای حەشدی شەعبی. سەرجەمیان بە چەکی قورسەوە رەوانە کراون.”
بە وتەی محەممەد کاکەیی، “جگە لە دیوارە کۆنکرێتییەکان، بە درێژایی هەر کیلۆمەترێک، تاوەرێکی چاودێری دانراوە و بە کامێرای پێشکەوتوو چاودێریی سنوورەکان دەکرێت. هیچ جموجۆڵێکی نامۆش لەم چەند رۆژەدا نەبووە.”
شەڕ و پێکدادان لەنێوان دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ سوپای سووریا بەردەوامە. بەهۆی شەڕەکەوە لانیکەم 300 کەس کوژراون و هەزاران کەسیش ئاوارە بوون.. دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی رووبەرێکی فراوانیان کۆنترۆڵ کردووە.
درێژایی سنووری عێراق لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان نزیکەی 600 کیلۆمەترە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *