ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان ڕایگەیاند، سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق گڵۆپی سەوزیان هەڵكردووە، بۆ كڕینی سیستەمی بەرگری بۆ پاراستنی وڵاتەكەمان، ئەمەش لەدوای هەڕەشەكانی ئیسرائیل دێت، بۆ هێرشكردنە سەر گرووپە چەكدارەكانی عێراق.
یاسر ئەسكەندەر ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان سەبارەت بە ڕازامەندی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بۆ كڕینی سیستەمی بەرگری، ڕایگەیاند، گرژی و ئاڵنگارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشەكان بۆ بە ئامانجگرتنی بەغدا، گرنگیی هەبوونی سیستەمێكی بەرگریی پێشكەوتووی نیشاندا، كە بتوانێت ئاسمانی عێراق بپارێزێت و بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەر پێشێلكارییەك بكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، گڵۆپی سەوز لەهەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لە پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكوەزیران هەیە، بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە پلانەكانی پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و كرانەوە بەڕووی وڵاتانی دۆستدا بە مەبەستی بەدەستهێنانی چەكێك توانای پاراستنی ئاسمانی هەبێت، بە شێوەیەك ڕێگری لە هەر پێشێلكارییەكی سەر سەروەری وڵات مسۆگەر بكات.
باسی لەوەشكرد، گرژییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر هاوكێشە دەگۆڕێت، دەبێت بەغدا ڕۆڵ و بڕیاری هەبێت لەڕووی توندكردنەوەی پاراستنی ئاسمانی و هەوڵدان بۆ بەهێزكردنی تواناكانی بەرگریی، بەشێوەیەك كە نەرمی نەنوێنێت لە وەڵامدانەوەی شەڕانگێزی دەرەكی.
پێشتر یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاندبوو، هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست بۆ ئاسایشی ئاسمانی عێراق گیراوەتەبەر، هەروەها سوپای عێراق توانای پێویستی هەیە، كە چاودێری ئاسمانی و شوێنپێهەڵگرتنی فڕۆكەكان بكات.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *